حکوومەتی عێراق ستایشی رەزامەندیی تورکیا بۆ وەرگرتنەوەی ئەو زیندانییانەی داعش بە ڕەچەڵەک تورک دەکات

لە کاتێکدا بەغدا هەوڵی چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەو هەزاران چەکدارەی داعش دەدات کە لە سووریاوە رادەستی کراونەتەوە، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند،  ئەنقەرە ئامادەیە زیندانییەکانی داعش بە ڕەچەڵەک تورک وەربگرێتەوە و لەبەردەم ئەنجوومەنی مافی مرۆڤیشدا داوای لە وڵاتانی دیکەی جیهان کرد بەرپرسیارێتیی گەڕاندنەوەی تیرۆریستەکانیان لە ئەستۆ بگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی شوباتی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، ڕایگەیاند، ئەنقەرە ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ وەرگرتنەوەی زیندانیانی داعش بە رەچەڵەک تورک، هاوکات ستایشی رەزامەندیی حکوومەتی تورکیای کرد بۆ وەرگرتنەوەی ئەو زیندانییانەی بە رەچەڵەک تورکن.

عێراق لە پرۆسەیەکدا کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رێکخرابوو، ئەو دەستگیرکراوانەی وەرگرت. ئەمەش دوای ئەوە هات کە هێزە کوردییەکان پاشەکشەیان کرد و ئەو کەمپ و زیندانانەیان داخست کە بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵ شوێنی مانەوەی ئەو کەسانە بوون کە گومانی ئەندامێتی داعشیان لێ دەکرا.

هەرچەندە بەغدا رایگەیاندووە کە بەپێی سیستەمی دادوەریی عێراق و بە ماددەی تیرۆر دادگایی گومانلێکراوان دەکات، بەڵام چەندین جار داوای لە وڵاتانی دیکە کردووە زیندانییەکانیان وەربگرنەوە.

فوئاد حوسێن لە راگەیندراوێکی جیاوازدا لەبەردەم ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: عێراق داواکاری خۆی بۆ هەموو وڵاتان نوێ دەکاتەوە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە ئەستۆ بگرن لە وەرگرتنەوەی تیرۆریستەکان و دادگاییکردنیان لە ناو خاکەکەی خۆیاندا.

چارەنووسی دەستگیرکراوانی داعش و هەزاران ژن و منداڵی پەیوەندیدار بەوانەوە، بوو، دوای ئەوەی هێزە کوردییەکان کە پاسەوانی کەمپ و زیندانەکانیان دەکرد و پاشەکشەیان کرد و ناوچەکە کەوتە دۆخێکی نوێوە.

دوێنێ یەکشەممە، 22ـی شوباتی 2026، رۆژنامەی سەباحی عێراقی، لە سەر زاری ئانیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، بڵاوی کردەوە، لێکتێگەیشتنی پێشکەوتوو لە نێوان بەغدا و ئەنقەرەدا هەیە بۆ وەرگرتنەوەی زیندانیانی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش کە هەڵگری رەگەزنامەی تورکین و ژمارەیان زیاتر لە 180 کەسە.

ئەمەش لە کاتێکدایە هەینی، 13ـی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، کۆی گشتی ئەو زیندانییە داعشانەی کە لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق، ژمارەیان گەیشتووەتە پێنج هەزار و 704 کەس، کە هەڵگری رەگەزنامەی 61 وڵاتی جیاوازن.