پسپۆرێکی ئابووری: نرخی یەکەی نیشتەجێبوون لە بەغدا 10 هێندەی هەرێمی کوردستانە

لە کاتێکدا کەرتی نیشتەجێبوون لە عێراق بەدەست قەیرانێکی قوڵەوە دەناڵێنێت، نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە بەغدا ژمارەی پێوانەییان شکاندووە و بەراورد بە هەرێمی کوردستان 10 هێندە گرانترن؛ شارەزایانیش هۆکارەکەی بۆ سپیکردنەوەی پارە دەگەڕێننەوە.

بەدەستهێنانی یەکەیەکی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییانی ئاسایی و فەرمانبەرانی بەغدا بووەتە خەون. محەممەد موحسین، هاووڵاتییەکی بەغدایە و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "نرخی خراپترین یەکەی نیشتەجێبوون گەیشتووەتە 180 ملیۆن دینار، کە تەنیا بۆ پێشەکییەکەی داوای 40 ملیۆن دینار دەکەن و دەبێت هەر سێ مانگ جارێکیش 40 ملیۆن دیناری دیکە وەک قیست بدەیت.

ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەش دا، مووچەی فەرمانبەران بەش ناکات تەنانەت قیستەکانیش بدەنەوە و گوتی: "ئەگەر 180 ملیۆن دینارم هەبێت، خانووی پێ دەکڕم نەک شوقە."

جیاوازیی نرخەکان لەنێوان بەغدا و شارەکانی هەرێمی کوردستان بووەتە جێی سەرنجی شارەزایان. حەیدەر عەنسوور، پسپۆڕی بواری ئابووری و نیشتەجێبوون ڕایگەیاند: "ئەگەر بەراوردێک بکەین، شوقەیەکی 100 مەتری لە هەرێمی کوردستان نرخی نزیکەی 30 هەزار دۆلارە، بەڵام هەمان ڕووبەر لە بەغدا دەگاتە 300 هەزار دۆلار."

بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، نرخەکان لە بەغدا 10 هێندەی هەرێمی کوردستانن، کە ئەمەش نرخێکی نائاساییە و دوورە لە واقیعی بژێویی خەڵکەوە.

لە دوای ساڵی 2003وە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق شکستیان هێناوە لە چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون. چاودێران پێیان وایە بەشێکی زۆر لەو پڕۆژانەی لە بەغدا دروست دەکرێن، ئامانج لێیان چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک نییە، بەڵکوو بۆ "سپیکردنەوەی پارە" بەکار دەهێنرێن، هەر بۆیە نرخەکانیان بە شێوەیەک دیاری کراون کە تەنیا چینێکی دیاریکراو و دەوڵەمەند توانای کڕینیان هەیە.