تۆم بەڕاک بۆ سه‌رۆک بارزانی: داناییەکی ناوازە لە سەرکردەیەکی ئەفسانەییەوە

(وێنە؛ سەرۆک بارزانی و تۆم بەڕاک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا)
(وێنە؛ سەرۆک بارزانی و تۆم بەڕاک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا)

نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی نووسیووە، داناییەکی ناوازە لە سەرکردەیەکی ئەفسانەییەوە.

تۆم بەڕاک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، ئەم بەیانییە وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ریتویت کردووە و لەسەری نووسیووە، داناییەکی ناوازە لە سەرکردەیەکی ئەفسانەییەوە. 

رۆژی دوو شەممە، 23ـی شوباتی 2026، تۆم بەڕاک دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرس و لایەنە عێراقییەکان گەیشتە هەولێر و لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، تۆم بەڕاک وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی، پێزانینی بۆ رۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە رێگەگرتن لە فراوانبوونی شەڕ و توندوتیژی و هەروەها هەوڵدان بۆ هێوركردنەوەی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سووریا و سەرگرتنی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات.

 ئاماژەی بەوەش دا، بۆ كێشە و گرفتەكانی عێراقیش سوود لە حیكمەت و رێنوێنیی سەرۆك بارزانی وەربگیرێت، هەروەها تۆم بەڕاک جەختی كردەوە، وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە عێراق خاوەنی سەروەریی خۆی بێت و لەو چوارچێوەیەشدا گرنگە ئەمریكا پەیوەندی و شەراكەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەبێت.