پرێستیانی سكاڵا لەسەر دوو یاریزانی ریال مەدرید تۆمار دەكات
جیانلوکا پرێستیانی لەگەڵ شاندی بێنفیکا بەرەو مەدرید بەڕێکەوتووە و سەرەڕای ئەوەی بۆ یارییەکەی سبەی راگیراوە و ناتوانێت بەشداریی بکات، بەڵام ئەو یاریزانە ئەرجەنتینییە گەشتی کردووە، لە لایەكی دیكەیشەوە سەرۆكی یانەی بێنفیكا داوا دەكات رێگە بە ڤاڵڤێردیش نەدرێت بەشداریی ئەو یارییە بكات.
جیانلوکا پرێستیانی یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی بێنفیکای پۆرتوگاڵی کە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپاوە جارێک بە کاتی بۆ یارییەک راگیراوە و ناتوانێت سبەی چوارشەممە لە یاریی گەڕانەوەی پاشکۆی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ یاریی بکات، بەڵام لەگەڵ شاندی یانەکەی گەشتی ئیسپانیای کردووە و سبەی لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئامادە دەبێت، کە بەوە تۆمەتبار دەکرێت لە یاریی چوون درووشمی رەگەزپەرستی لە دژی ڤینیسیوس جونیۆر بەکارهێناوە.
بەرنامەی ئێڵچێرێنجیتۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، جیانلوکا پرێستیانی بڕیاریداوە لە دادگا سكاڵا لەسەر کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیوس جونیۆر تۆمار بکات، چونکە ئەو دوو یاریزانەی ریال مەدرید بە رەگەزپەرستی تۆمەتبارییان کردووە.
ئێمباپێ دوای یاریی چوون کە ریال مەدرید بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردنەوەی بەدەستهێنا، گوتی بەخۆم گوێم لێبوو پرێستیانی زیاتر لە پێنج جار بە ڤینی گوت مەیموون، ئەمەش لە كاتێكدا بوو یاریزانەکەی بێنفیکا لە کاتیی سەیرکردنی ڤینی، درێسەکەی خستبووە سەر دەمی بۆ ئەوەی کەس نەزانێت چیگوتووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، روی كۆستا، سەرۆكی یانەی بێنفیكا رایگەیاند پێویستە یوێفا بە هەمان شێوە رێگە بە ڤاڵڤێردیش نەدات بەشداریی ئەو یارییە بكات، چونكە ئەو یاریزانەش سكاڵای لەسەرە.