مەزڵووم عەبدی: لە ئەگەری شکستی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ دیمەشق تاکۆتایی شەڕ دەکەین

هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی داخستنی یەکێک لە گەورەترین کەمپەکانی تایبەت بە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لەلایەن حکوومەتی سووریاوە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، باس لە داهاتووی کورد لە سووریا، هەڕەشەکانی داعش و ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی PBSـی ئەمریکی، تیشکی خستە سەر ئەو رێککەوتنەی کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی رابردوو کە لە نێوان کورد و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا واژۆ کرا، کە بەپێی رێککەوتنەکە، کوردەکان خاڵە سنوورییەکان رادەستی حکوومەتی ناوەندی دەکەن و چوار لیوای سەربازیی کوردیش دەچنە ناو ریزەکانی سوپای سووریاوە، لە بەرامبەریشدا مافی مەدەنی و پەروەردەیی بۆ ناوچە کوردییەکان زامن دەکرێت.

مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم رێککەوتنە باشترین بژاردە بوو لەم دۆخەی ئێستادا، ناڵێین باشترین بوو بۆ کورد، بەڵام بۆ بەرقەرارکردنی ئاگربەست، سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەرێگەی گفتوگۆوە، ناچاربووین پەسەندی بکەین."

سەبارەت بە خواستەکانی کورد، فەرماندەی گشتی هەسەدە روونیکردەوە، ئەوان خوازیاری ئۆتۆنۆمین، بەڵام بەهۆی هەلومەرجی ئێستاوە، حکوومەتی دیمەشق تەنیا بە ئیدارەیەکی خۆجێیی رازییە کە تێیدا کورد بتوانێت ناوچەکانی خۆی بەڕێوەببات و پارێزگاری لە شوناسی خۆی بکات، هەروەها هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر رێککەوتنەکە شکست بهێنێت، نامانەوێت ئەوە رووبدات، بەڵام تا کۆتایی شەڕ دەکەین و مەحاڵە دەستبەرداری ناوچە کوردییەکان ببین."

سەبارەت بە هەڕەشەکانی رێکخراوی داعش، مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، رێکخراوەکە هێشتا زۆر بەهێزە و بە شێوەیەکی پلەبەندی دزەی کردووەتە ناو شارە گەورەکانی سووریاوە و دەتوانێت کەی بیەوێت هێرش بکات. 

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا سەرەتای ئەم مانگە پێنج هەزار و 704 زیندانیی داعشی رادەستی عێراق کرد، لەلایەکی دیکەوە، کەمپی هۆل کە گەورەترین کەمپی خێزانەکانی داعش بوو، ئێستا چۆڵ کراوە، بەرپرسانی ئەمریکا بە تۆڕی هەواڵی (PBS)یان راگەیاندووە، دوای ئەوەی کوردەکان کۆنترۆڵی کەمپەکەیان رادەستی دیمەشق کرد، لانیکەم 10 هەزار ئافرەت و منداڵی داعش کەمپەکەیان جێهێشتووە بێ ئەوەی چاودێری بکرێن یان شوێنیان بزانرێت.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، باس لە هەڵوێستەکانی ئەمریکا کرا، دوای ئەوەی ئەمریکا دوو بنکەی سەربازیی خۆی لە سووریا داخست، شارەزایان پێشبینی کشانەوەی یەکجاریی هێزەکانی واشنتن دەکەن، مەزڵووم عەبدی ئەم هەنگاوەی بە "بیرۆکەیەکی خراپ لە کاتێکی هەستیاردا" وەسف کرد کە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاڵنگاریی گەورە لە شەڕی دژی تیرۆردا.

هەروەها رەخنەی لە هەڵوێستی ئەمریکا گرت کاتێک سوپای سووریا هێرشی کردە سەر ناوچە کوردییەکان و گوتی: "هێرشێکی گەورە کرایە سەر ناوچەکانمان، خەڵکێکی زۆرمان لێ کوژرا، بەڵام هەڵوێستی ئەمریکا هێندە بەهێز نەبوو کە هێرشەکە رابگرێت، ئەمەش بووە هۆی بێئومێدییەکی فراوان لەلای گەلەکەمان کە هەست بە جێهێشتن دەکەن".

هەروەها سەبارەت بە ناسنامەی خۆی، مەزڵووم عەبدی گوتی: "من دوو ناسنامەم هەیە، سووری و کوردی، بنەچەم کوردە و شانازی بە هەردووکیانەوە دەکەم، دەمانەوێت سووریا بونیاد بنرێتەوە، بەڵام هاوکات دەمانەوێت ناوچە کوردییەکانیش گەشە بکەن و ببوژێنەوە، و کوردیش رۆڵی سەرەکی خۆی لە ناو وڵاتەکەدا هەبێت."