عێراقچی: بە هیچ شێوەیەک چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنین، بەڵام دەستبەرداری مافەکانمان نابین

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنەکانی خولی پێشوو، لە شاری جنێڤ دەست بە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا دەکەینەوە بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە کورتترین ماوەدا. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات، بەڵام سازش لەسەر مافی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئاشتییانە ناکات.

سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە زنجیرە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نەخشەڕێگای وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا لە جنێڤ خستە روو.

عێراقچی ئاماژەی بەوە دا، کە تاران بە سووربوون و ئیرادەیەکی بەهێزەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دانوستانەکان. هاوکات گوتی: "لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتنانەی لە خولی پێشوودا بەدەست هاتوون، ئێران دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا لە جنێڤ دەست پێدەکاتەوە، بەو ئامانجەی لە کورتترین ماوەی گونجاودا بگاتە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و یەکسان".

سەبارەت بە هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ئێران، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە هەڵوێستی تارانی بە "روون و ئاشکرا" وەسف کرد و رایگەیاند: "باوەڕی بنەڕەتیمان روونە؛ ئێران لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا هەرگیز چەکی ئەتۆمی پەرە پێ نادات، لە هەمان کاتدا ئێمەی ئێرانی هەرگیز دەستبەرداری مافی خۆمان نابین بۆ سوودوەرگرتن لە دەستکەوتەکانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئاشتییانە بۆ گەلەکەمان".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عێراقچی باسی لە گرنگیی قۆناغەکە کرد و گوتی: "دەرفەتێکی مێژووییمان لەبەردەستدایە بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێکی بێوێنە کە وەڵامدەرەوەی نیگەرانییە هاوبەشەکان بێت و بەرژەوەندیی هەردوولاش مسۆگەر بکات". جەختیشی کردەوە کە "رێککەوتن لەبەردەستدایە، بەڵام بەو مەرجەی پێشینە بۆ رێگەی دیپلۆماسی بێت".

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی سەبارەت بە هێز و دیپلۆماسی ئاراستە کرد و نووسیویەتی: "سەلماندوومانە کە هیچ شتێک راگری ئێمە نییە لە پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەمان بە ئازایەتییەوە. ئێمە هەمان ئەو ئازایەتییە لەگەڵ خۆمان دەبەینە سەر مێزی دانوستان، تاوەکو بە دوای چارەیەکی ئاشتییانەدا بگەڕێین بۆ هەر جیاوازییەک کە بوونی هەیە".