وەرزی راوی شەداو لە دەریاچەی دوکان دەستی پێکرد
لەگەڵ کۆتاییهاتنی مانگی شوبات و نزیکبوونەوەی وەرزی زاوزێ، جارێکی دیکە وەرزی راوی "شەداو" لە قەراغ دەریاچەی دوکان گەرموگوڕی تێکەوتووەتەوە. ماسیگرانی ناوچەکە بە شێوازێکی نەریتی و جیاواز، لەناو ئاوە کەمقووڵەکاندا سەرقاڵی راوکردنی ماسیین.
راوی شەداو، بە یەکێک لە چێژبەخشترین جۆرەکانی راوکردن لای ماسیگرانی سنووری قەزای دوکان و راپەڕین دادەنرێت، پشت بەو ماسییانە دەبەستێت کە بۆ گەرادانان و زاوزێ روو لە قەراغی دەریاچەکە و ناو مێرگ و گیاکان دەکەن. لەم وەرزەدا ماسییەکان بەهۆی پڕۆسەی زاوزێوە، کەمتر هەست بە مەترسییەکانی دەوروبەریان دەکەن و ئەوەش وا دەکات راوچییەکان بتوانن بە ئاسانی بە دەست یان بە تۆڕی بچووک کە بە شەداو ناسراوە بییانگرن.
ماسیگرانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەدەن، لەم کاتەدا ماسییە نێرەکان بە کۆمەڵ بە دەوری مێینەکاندا کۆدەبنەوە، ئەمەش هەلێکی وا بۆ راوچییەکان دەڕەخسێنێت کە هەندێک جار لە یەکجاردا 6 بۆ 10 ماسی پێکەوە راو بکەن.
یەکێک لە راوچییەکان دەڵێت: "لەم وەرزەدا ماسییەکان وەک بێهۆشیان لێ دێت و ئاگایان لە خۆیان نامێنێت. ئێمە چەند کاتژمێرێک بۆسەیان بۆ دادەنێین و تا ئاوەکەش لێڵتر بێت، راوەکە سەرکەوتووتر دەبێت، چونکە ماسییەکە ڕاوچییەکە نابینێت."
پاش ساڵی 2019 و زیادبوونی ئاستی ئاوی دەریاچەی دوکان، ئەم جۆرە راوە گەشەی زیاتری کردووە، چونکە ئاوەکە زەوییە مێرگوزارەکانی داپۆشیوە و بووەتە شوێنێکی گونجاو بۆ ماسییەکان تا تێیدا گەرا دابنێن. وەرزی شەداو بۆ ماسیگرەکان تەنیا سەرچاوەی بژێوی نییە، بەڵکو وەک نەریتێکی ساڵانەی پڕ لە چێژ دەبینرێت.