جەی دی ڤانس: هیوادارم ئێران دانوستانەکانی سبەی بە جددی وەربگرێت

بەر لە دەستپێکردنی گەڕی نوێی دانوستانەکان، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پەیامێک ئاراستەی تاران دەکات؛ دیپلۆماسی هەڵبژاردەی یەکەمە، بەڵام ترەمپ بە ئامرازی دیکە ڕێگە لە چەکی ئەتۆمی دەگرێت و سبەی پێنجشەممە ڕۆژی یەکلاکەرەوە دەبێت.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، بە کەناڵی فۆکس نیووزی ڕایگەیاند، ڕێگەی دیپلۆماسی هێشتا باشترین بژاردەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێران.

ڤانس ئاماژەی بە دانوستانەکانی سبەی کرد و گوتی: هیواخوازین بەرپرسانی ئێران دانوستانەکانی سبەی پێنجشەممە بە هەند وەربگرن و بە جددی مامەڵەی لەگەڵ بکەن.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونیشی کردەوە: دۆناڵد ترەمپ بە ڕوونی جەختی کردووەتەوە کە هەرگیز ڕێگە بە ئێران نادرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ئاشکرای کرد، هەرچەندە ترەمپ هێشتا چارەسەری دیپلۆماسی پێ باشترە، بەڵام ئامانجەکەی لەڕێگەی دیپلۆماسی و ئامرازی دیکەەوە بەدەست دەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە مەترسییە ئەتۆمییەکان.

جەی دی ڤانس جەختی کردەوە کە "دۆناڵد ترەمپ ئەو کەسەیە کە بڕیاری کۆتایی دەدات لەبارەی چۆنیەتی ڕێگریکردن لە ئێران بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و شێوازی جێبەجێکردنی."