عێراقچی: بۆ هەردوو بژاردەی ئاشتی و جەنگ ئامادەین

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەێنێت، کە گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ لەگەڵ ئەمریکا شتێکە دەکرێت بە دی بێت. جەختیش دەکاتەوە کە وڵاتەکەی وانەی لە جەنگەکانی رابردوو وەرگرتووە و هێزە چەکدارەکانیان ئامادەن، بەڵام هەمیشە رێڕەوی دیپلۆماسی بە باشترین بژاردە دەزانن.

چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا، کە ئێران وانەی زۆری لە جەنگەکانی رابردوو وەرگرتووە و ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر ئامادەیە.

روونیشی کردەوە: "هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و دەزانین چۆن بەرگری لە خۆمان بکەین".

سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ واشنتن، گوتی: "گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ لەگەڵ ئەمریکا کارێکە دەکرێت ئەنجام بدرێت". ئاشکراشی کرد، کە "هەندێک پێشکەوتنمان بە دەست هێناوە و گەیشتووینەتە جۆرێک لە تێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکییەکان". لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە: "ئێمە بۆ هەردوو بژاردەکە ئامادەین؛ چ جەنگ بێت یان ئاشتی".

دەربارەی دۆسیەی ئەتۆمی، وەزیری دەرەوەی ئێران راشکاوانە رایگەیاند: "هیچ بژاردەیەکی سەربازی بۆ بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ئێران بوونی نییە". ئامادەیی خۆیشی نیشان دا بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک تایبەت بە بەرنامەکە و چارەسەرکردنی هەر نیگەرانی یان ناروونییەک لەو بارەیەوە، چونکە بە بڕوای ئەو "ڕێڕەوی دیپلۆماسی باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو نیگەرانییەکان".

عێراقچی گوتیشی: "ئێمە لە تەواوی ئامادەباشیداین، نەک لەبەر ئەوەی جەنگمان دەوێت، بەڵکو بۆ ئەوەی رێگری لێ بکەین".