دیلان ڕەشاد: بڕیاری گرانکردنی نرخی کارتەکان ئەو کۆمپانیایانە ناگرێتەوە کە مۆڵەتی هەرێمیان هەیە

دوای بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق بۆ گرانکردنی نرخی کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوە دەدات و رایدەگەیەنێت، کە ئەو بڕیارە هەموو کۆمپانیاکان ناگرێتەوە، بەڵام کۆمپانیاکانی کۆڕەک، ئاسیاسێڵ و زین بەهۆی ئەوەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکوومەتی عێراقە، بە بڕیارەکە پابەند دەبن.

چوارشەممە 25ـی شوباتی 2026، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان24) رایگەیاند: بڕیاری گرانکردنی نرخەکان تەنیا ئەو کۆمپانیایانە دەگرێتەوە کە مۆڵەت و گرێبەستی کارکردنیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق هەیە. ئەو کۆمپانیایانەی کە مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمیان هەیە، نرخەکانیان وەک خۆی دەمێنێتەوە و گران نابێت.

گوتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەریەکە لە کۆمپانیاکانی کۆڕەک، ئاسیاسێڵ و زین بەهۆی ئەوەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکوومەتی عێراقە، پابەند دەبن بە بڕیارەکەی بەغدا و نرخی کارتەکانیان دەگۆڕێت. لە بەرامبەردا، ئەو 35 کۆمپانیایەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکەن و مۆڵەتی هەرێمیان هەیە، نرخەکانیان جێگیر دەبێت.

ئەم ڕوونکردنەوەیەی وەزارەتی گواستنەوە لە کاتێکدایە، کە ناڕەزایەتییەکی زۆر لەلایەن هاووڵاتییانەوە سەبارەت بە گرانبوونی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە عێراق دروست بووە.