وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا زیاتر لە 30 کەس، کۆمپانیا و کەشتیی سەر بە ئێران سزا دا

لە چوارچێوەی هەڵمەتی فشاری ئەوپەڕی ئیدارەی ترەمپ، ئەمەریکا گورزێکی گەورەی ئابووری و سەربازی لە تاران دەوەشێنێت. وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر تۆڕێکی بەرفراواندا سەپاند کە لە زیاتر لە 30 کەس، کۆمپانیا و کەشتی پێکهاتوون؛ ئامانج لێی پەکخستنی فرۆشتنی نەوتی قاچاخی ئێران و وشککردنی سەرچاوەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی شوباتی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (OFAC) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لیستێکی نوێی سزاکانیان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە زیاتر لە 30 کەسایەتی، قەوارەی بازرگانی و کەشتی دەگرێتەوە. ئەم تۆڕانە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە فرۆشتنی نایاسایی نەوتی ئێران و دابینکردنی کەرەستەی هەستیار بۆ بەرنامەی مووشەکی بالیستی و چەکە پێشکەوتووەکان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سزاکان بە دیاریکراوی 12 کەشتیی سەر بە کەشتیگەلی سێبەری ئێرانیان کردووەتە ئامانج. ئەم کەشتییانە بە ئاڵای وڵاتانی وەک پەنەما، باربادۆس، و پالاو، بە نهێنی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران دەگوێزنەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لەو بارەوە ڕایگەیاند: ئێران سیستەمە داراییەکان دەقۆزێتەوە بۆ فرۆشتنی نەوتی قاچاخ و سپیکردنەوەی پارەکەی.

بەشێک لەو کەشتی و کۆمپانیایانەی سزادران بریتین لە: کەشتی HOOT (ئاڵای پەنەما)، سەدان هەزار بەرمیل غازی شلی (LPG) بۆ بەنگلادیش گواستووەتەوە، کەشتی OCEAN KOI ئاڵای باربادۆس، ملیۆنان بەرمیل نەوتی بۆ سووتەمەنی گواستووەتەوە، کەشتی NORTH STAR و FELICITA: بڕێکی زۆر نەوت و نەفزەی ئێرانیان ساغ کردووەتەوە.

بەشێکی دیکەی سزاکان، تۆڕێکی دابینکارییان کردووەتە ئامانج کە لە ئێران، تورکیا و ئیمارات چالاکن. ئەم تۆڕانە کەرەستەی کیمیایی و ئامێری هەستیاریان بۆ سوپای پاسداران و وەزارەتی بەرگریی ئێران دابین کردووە بۆ دروستکردنی مووشەک و دڕۆن، لەوانەش کۆمپانیای Mado، کە بزوێنەری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شاهید-131 و 136 بەرهەم دەهێنێت، سزای نوێی بەسەردا سەپێندرا، سێ کۆمپانیای تورکی (Utus, Arya, Altis) سزادراون، چونکە وەک ناوەندێکی دارایی کاریان بۆ کۆمپانیای مادۆ کردووە و ملیۆنان دۆلاریان بۆ کڕینی ئامێری سەربازی گواستووەتەوە.

لە ڕاگەیەندتاوەکەدا هاتووە کە چوار کارمەندی باڵای پیشەسازی فڕۆکەوانیی قودس (QAI) سزادراون. ئەم کەسانە سەردانی ڕووسیایان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (Mohajer) کە ڕووسیا بەکاریان دەهێنێت. هەروەها بەشێکیان سەردانی ڤەنزوێلایان کردووە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری تەکنیکی لە بواری درۆندا.

بەپێی یاسای ئەمەریکا، هەموو سامان و موڵکی ئەم کەس و کۆمپانیایانە لە ئەمەریکا بلۆک دەکرێن و هەر کەسێک یان دامەزراوەیەکی دارایی بیانی مامەڵەیان لەگەڵ بکات، ڕووبەڕووی سزای توندی ئەمەریکا دەبێتەوە. وەزارەتی گەنجینە دووپاتیشی کردەوە کە لە ساڵی 2025، زیاتر لە 875 کەس و کەشتی و فڕۆکە لە چوارچێوەی ئەم کەمپەینەدا سزادراون.