پزیشکیان: ئاسۆیەکی ئەرێنی بۆ دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بە دی دەکەین
سەرۆک کۆماری ئێران جەخت دەکاتەوە، کە ئاسۆیەکی ئەرێنی بۆ ئەو دانوستانانە بە دی دەکات کە بڕیارە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بەڕێوە بچن.
چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەبەرهێنەران لە پارێزگای مازەندەران، ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکە دراون، لەوانەش کردنەوە و بەگەڕخستنی پڕۆژەکانی ژێرخان و بەرهەمهێنان بە هەوڵی بەڕێوەبەران، بەرهەمهێنەران و وەبەرهێنەران.
سەرۆککۆماری ئێران روونی کردەوە، حکوومەت لە رێگەی پێدانی دەسەڵاتی فراوانتر بە پارێزگارەکان، هەوڵی داوە رۆڵی کەرتی تایبەت بەهێز بکات و پشتیوانی لە بەرهەمهێنەران و وەبەرهێنەران بکات، هەروەها کار بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری دەکات تاوەکوو وڵات بەرەو گەشەسەندن و بووژانەوە ئاراستە بکات.
پزیشکیان ئاماژەی بە هەوڵەکان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دیکە بە تایبەتی دراوسێکان کرد و رایگەیاند، ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکان باشبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و کار بۆ بەهێزترکردنیان دەکرێت.
سەبارەت بە نزیکبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لە نێوان تاران و واشنتن، پزیشکیان روونی کردەوە کە ئەم پرۆسەیە سبەی لە جینێڤ بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە بەردەوام دەبێت،
جەختیشی کردەوە، کە حکوومەت هەوڵی داوە دانوستانەکان لە چوارچێوەی رێنماییەکانی رێبەری باڵادا بەڕێوە ببات، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی دەرچوون لە دۆخی "نە جەنگ و نە ئاشتی". هاوکات گوتیشی: ئاسۆیەکی ئەرێنی بۆ دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بە دی دەکەین.
سبەی پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، گەڕی سێیەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ، بە نێوەندگیریی عوممان بەڕێوە دەچێت.