پیسبوونی ژینگەی بەغدا، مەترسییەکی جددی لەسەر هاووڵاتییان دروست کردووە
بەغدای پایتەختی عێراق ڕووبەڕووی کارەساتێکی ژینگەیی گەورە بووەتەوە و بەگوێرەی نوێترین ئامارە نێودەوڵەتییەکان، شارەکە چووەتە ڕیزبەندی 10 پیسترین پایتەختەکانی جیهان. تێکچوونی ژینگەی بەغدا کە بەهۆی دووکەڵی پاڵاوگەکان، مۆلیدە ئەهلییەکان و ملیۆنان ئۆتۆمبێلی کۆنەوە دروست بووە، مەترسییەکی جددی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە و ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک شێرپەنجەی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتە ژینگەییەکان، چەندین هۆکاری سەرەکی لەپشت ئەم پیسبوونە ترسناکەوەن، لەوانە: بوونی پاڵاوگەی دۆرە لەناو جەرگەی شارەکە، کارکردنی زیاتر لە 10 هەزار چالاکیی پیشەسازی و کارگەی خشت و قیر، هەروەها کارکردنی 50 هەزار مۆلیدەی ئەهلی و بوونی زیاتر لە 3 ملیۆن ئۆتۆمبێل کە زۆربەیان مۆدێلی کۆنن و دووکەڵێکی ژەهراوی بەرهەم دەهێنن. هاوکات ڕێژەی سەوزایی لە پایتەخت بۆ کەمتر لە 10% دابەزیوە، ئەمەش وای کردووە هەوای شارەکە توانای خۆپاککردنەوەی نەمێنێت.
عومەر لەتیف، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕوانگەی سەوز، سەبارەت بەم دۆخە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا گۆڕانی کەشوهەوا و چالاکییە پیشەسازییەکان کاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر بەغدا و بەسرە هەبووە. کێشەی بەغدا ئەوەیە ڕێژەی دانیشتووانی زۆر زیادی کردووە، لە بەرامبەردا 10 هەزار چالاکیی پیشەسازی و 2.5 ملیۆن ئۆتۆمبێل و 50 هەزار مۆلیدە هەن، کە هەموویان هۆکارن بۆ پیسبوونی هەوا.
هاووڵاتییانی بەغدا لە کەمتەرخەمیی حکوومەت و وەزارەتی ژینگە نیگەرانن. ماجد حەسناوی، کە هاووڵاتییەکی نیشتەجێی بەغدایە، دەڵێت: خەڵک دەپرسن کوان ئەو پارە زۆرەی بۆ ژینگەی عێراق خەرج دەکرێت؟ حکوومەت دەبێت ڕێکاری توند بگرێتە بەر، ناکرێت ڕووبار و ئاسمان و زەوی هەمووی پیس بێت و خەڵک تووشی هەموو جۆرە نەخۆشییەک بێت.
هەروەها سەیف سەماوی، هاووڵاتییەکی تر، ئاماژە بە مەترسییەکانی زبڵ سووتاندن دەکات و دەڵێت: لە سەربازگەی ڕەشید زبڵی بەغدا دەسووتێنن، دووکەڵەکەی بۆ ئێمەیە و کاریگەریی خراپی لەسەر منداڵ و پیر هەیە. کارگەکانی خشت و قیر و ئۆتۆمبێلی مۆدێل 80 لە شەقامەکانن، ئیتر چۆن تووشی نەخۆشی نابین؟"
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئامارێکی ترسناکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کە تەنیا لە ساڵی 2025دا، 43 هەزار هاووڵاتی لە بەغدا تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی ژینگەش بێ ئومێدیی خۆی لە چارەسەرکردنی دۆخەکە نیشان داوە، بەتایبەت کە ئاوی ڕووباری دیجلەش بەهۆی پاشماوەی نەخۆشخانە و کارگەکانەوە بەتەواوی پیس بووە.