هەسەدە: دیمەشق لە گواستنەوەی خێزانەکانی داعش لە کەمپی هۆڵ تۆمەتبارە
هەسەدە، دیمەشق بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە کەمپی هۆڵ شکستی هێناوە و بە شێوەیەکی ئاشکرا دەستی هەبووە لە گواستنەوەی خێزانەکانی ڕێکخراوی داعش، جەختیش دەکاتەوە، کشانەوەی هێزەکانیان لە کەمپەکە بڕیارێکی ناچاری بووە بۆ ڕێگریکردن لە خوێنڕشتن و گۆڕینی کەمپەکە بۆ مەیدانی جەنگ دوای هێرشە سەربازییەکانی سوپای سووریا بۆ سەر شوورەکانی کەمپەکە.
چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەڵامێکی توندی لێدوانەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی سووریای دایەوە و دیمەشقی بە بەرپرسیاری یەکەمی ئاڵۆزییەکانی کەمپی هۆڵ و ڕاکردنی خێزانەکانی چەکدارانی داعش لە قەڵەم دا.
هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، کشانەوەی هێزەکانیان لە کەمپەکە بڕیارێکی ناچاری بووە بۆ پاراستنی گیانی دانیشتووانەکەی و ڕێگریکردن لە گۆڕینی کەمپەکە بۆ مەیدانی جەنگێکی کراوە، ئەوەش دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق هێرشی ڕاستەوخۆ و کۆکردنەوەی سەربازییان بەرەو کەمپەکە ئەنجام دا و گەیشتنە سەر شوورەکانی.
بەپێی ڕاگەیەندراوی هەسەدە، دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق کۆنتڕۆڵی کەمپی هۆڵیان کردووە، بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک و بە شێوەیەکی ئاشکرا و لەژێر چاودێری و ڕەزامەندی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سووریا، پڕۆسەی قاچاخکردن و گواستنەوەی خێزانەکانی داعش بەردەوام بووە.
هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە ئەم ڕاستییانە هەمووی بە دەنگ و وێنە لای ئەوان تۆمار کراون و ناکرێت بە ڕاگەیەندراوی میدیایی چەواشەکارانە بشاردرێنەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە دیمەشق دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم تۆمەتانەوە سەرنجی ڕای گشتی لەسەر شکستی ئەمنی و کارگێڕی خۆی لە بەڕێوەبردنی کەمپەکەدا لابدات.
هێزەکانی سووریای دیموکرات دووپاتیان کردەوە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی دۆسیەی کەمپی هۆڵ و نەبوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی پێویست، ئەرکی مرۆیی و ئەمنی خۆیان بە باشترین شێوە جێبەجێ کردووە بۆ ڕێگریکردن لە سەرلەنوێ دروستبوونەوەی شانەکانی داعش.
هەسەدە کشانەوەی هێزەکانی تەنیا وەک ئەنجامێکی ڕاستەوخۆی هێرشە سەربازییەکانی دیمەشق ناوبرد و بەرپرسیارێتی هەر دەرهاویشتەیەکی ئەمنی لەو ناوچەیەدا خستە ئەستۆی حکوومەتی سووریا.