کیم جۆنگ ئون بۆ ئەمریکا: وەک زلهێزێکی ئەتۆمی دانمان پێدا بنێن

(وێنە؛ ئەرشیف، کیم جۆنگ ئون رێبەری کۆریای باکوور)
(وێنە؛ ئەرشیف، کیم جۆنگ ئون رێبەری کۆریای باکوور)

میدیاکانی کۆریای باکوور پەیامێکی نوێی کیم جۆنگ ئونیان بڵاوکردەوە، تێیدا مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەخاتە روو، هاوکات هەموو جۆرە دانوستانێکی لەگەڵ کۆریای باشوور رەتکردەوە.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا (KCNA) ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور رایگەیاندووە، ئەگەر ئەمریکا وڵاتەکەی وەک زلهێزێکی ئەتۆمی بناسێت، ئەوا لێکگەیشتن لەنێوان پیۆنگ یانگ و واشنتن ئەگەری هەیە.

کیم لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی فەرمی وڵاتەکە بڵاوی کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەگەر واشنتن رێز لە دۆخی ئێستای وڵاتەکەمان بگرێت وەک لە دەستووردا چەسپێنراوە و دەستبەرداری سیاسەتی دوژمنکارانەی بێت، هیچ هۆکارێک نییە رێگریمان لێبکات لە لێکگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا".

بەگوێرەی راپۆرتی هەمان ئاژانس، سەرۆکی کۆریای باکوور لە کاتی نمایشێکی سەربازیدا بەبۆنەی کۆنگرەی پارتی دەسەڵاتدارەوە بەڕێوەچوو، بە توندی هەر جۆرە دانوستان و گفتوگۆیەکی لەگەڵ کۆریای باشوور رەتکردەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆکایەتی کۆریای باشوور پێشتر چەندین جار هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی دابوو.

ئەم لێدوانانەی کیم جۆنگ ئون هاوکاتە لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامدانی مانۆڕێکی سەربازی گەورە لەلایەن سوپای ئەمریکا و کۆریای باشوورەوە. بەرپرسانی سەربازی هەردوو وڵات، دوێنێ چوارشەممە جەختیان کردەوە لە نێوان نۆ تا 19ـی ئاداری داهاتوو، مەشقێکی سەربازی هاوبەشی گەورە ئەنجام دەدەن.

بەرپرسان دەڵێن ئەم مەشقانە سروشتین و بۆ بەرگریکردنن و ئامانج لێی ئامادەکارییە بۆ گواستنەوەی کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ئەمریکاوە بۆ کۆریای باشوور، بڕیارە تا ساڵی 2030 و پێش کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتی لی جای میونگ تەواو بکرێت.

سەرەڕای ئەوەی سیئۆل و واشنتن مەشقەکان وەک بەرگری ناو دەبەن، بەڵام پیۆنگ یانگ وەک راهێنان بۆ داگیرکاری سەیری دەکات. بڕیارە لە مانۆڕەکەی مانگی داهاتوودا، بۆ یەکەمجار سیناریۆی رێگریکردن کە پەیوەندی بە چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوورەوە هەیە، تاقی بکرێتەوە.

میدیاکانی کۆریای باشوور ئاشکرایان کردووە سیئۆل پێشنیازی کەمکردنەوەی ئاستی مەشقە مەیدانییەکانی کردبوو بۆ رەخساندنی کەشێکی دیپلۆماسی، بەڵام ئەم پێشنیازە لەلایەن لایەنی ئەمریکییەوە رەتکراوەتەوە.