میدیاکانی ئێران: عێراقچی پێشنیازی رێککەوتنی ئەتۆمی رادەستی عومان کرد
وەزیری دەرەوەی ئێران لە شاری جنێڤ پێشنیازی وڵاتەکەی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی رادەستی هاوتا عومانییەکەی کرد، ئەمەش وەک کۆتا دانیشتنی ئامادەکاری پێش دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستانە نێودەوڵەتییەکان هەژمار دەکرێت کە تێیدا تاران دیدگای خۆی بۆ هەڵگرتنی سزاکان و چارەسەری دۆسیەی ئەتۆمی خستووەتەڕوو.
چوارشەممە 25ـی شوباتی 2026، میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد، کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە شاری جنێڤی سویسرا لەگەڵ بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان، کۆبووەتەوە و تاران لە رێگەی مەسقەتەوە پێشنیازی نوێی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی ئێران، عێراقچی لەم دیدارەدا پڕۆژە و پێشنیازی رێککەوتنی ئەتۆمیی تارانی رادەستی وەزیری دەرەوەی عومان کردووە، کە وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان ئێران و ئەمریکا دەبینرێت. لە کۆبوونەوەکەدا عێراقچی بە وردی بۆچوون و مەرجەکانی ئێرانی سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکان و داهاتووی دۆسیەی ئەتۆمی خستووەتەڕوو.
میدیاکانی ئێران ئاماژە بەوەش دەدەن، ئەم دیدارەی نێوان هەردوو وەزیر، بە کۆتا دانیشتن و ئامادەکاریی کۆتایی دادەنرێت پێش دەستپێکردنی گەڕی سێییەمی فەرمیی دانوستانەکان؛ هاوکات چاوەڕوان دەکرێت ئەم پێشنیازەی ئێران رێگەخۆشکەر بێت بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ لە نێوان تاران و واشنتن لەژێر چاودێری نێوەندگیرە ناوچەییەکاندا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئاژانسی ئەی ئێف پی لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکرد، عەباس عێراقچی، کاتژمێر 9 بە کاتی هەولێر گەیشتووەتە جنێڤ.
بڕیارە، سبەی پێنجشەممە، 26ـی مانگ گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی واشنتن و تاران بە نێوەندگیریی عومان لە جنێڤ بەڕێوەبچن. هەموو چاوەکان لەسەر ئەنجامی دانوستانەکانە، چونکە ئەمریکا هێزێکی زۆری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیک ئێران کۆکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێ، ئەگەر لەگەڵ تاران نەگەنە رێککەوتن رۆژێکی زۆر خراپ چاوەڕێی ئێران دەکات.