شاندی دانوستانی ئێران گەیشتە جنێڤ
وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە جنێڤی سویسرا و بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئامادەکارییەکانی گەڕی سێیەمی دانوستان، لەگەڵ هاوتا عومانییەکەی کۆدەبێتەوە.
ئاژانسی ئەی ئێف پی لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکرد، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کاتژمێر 9 بە کاتی هەولێر گەیشتە جنێڤ.
ئەمشەو لەگەڵ بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا دەکەن.
بڕیارە، 26ـی مانگ گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی واشنتن و تاران بە نێوەندگیریی عومان لە جنێڤ بەڕێوەبچن. هەموو چاوەکان لەسەر ئەنجامی دانوستانەکانە، چونکە ئەمریکا هێزێکی زۆری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیک ئێران کۆکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێ، ئەگەر لەگەڵ تاران نەگەنە رێککەوتن رۆژێکی زۆر خراپ چاوەڕێی ئێران دەکات.
دووشەممە 16ـی شوباتی 2026، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە مەبەستی بەڕێوەچوونی گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا گەشیتە جنێڤ، هاوکات بەر لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی واشنتن، عراقچی و رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کۆبوونەوە.