هەواڵگریی ئەمریکا هەڵمەتێکی بۆ راکێشانی سیخوڕ و سەرچاوە لە ئێران دەستپێکردووە
دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کۆمەڵێک رێنمایی نوێی بە زمانی فارسی بڵاوکردەوە، کە تایبەتن بەو ئێرانییانەی ئارەزووی ئەوە دەکەن بە شێوەیەکی پارێزراو و نهێنی پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگرییەکەوە بکەن.
پێنجشەممە 26ـی شوباتی 2026، دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)، رێنمایی نوێی تایبەت بە هاووڵاتییانی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە دەزگاکەدا کار بکەن و زانیاری لە بارەی ئێرانەوە بدەن بە ئەمریکا، هەروەها ئەم هەوڵەی سی ئای ئەی بۆ وەرگرتنی سەرچاوەی زانیاری لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئامادەباشییەکی گەورەدان.
ئەمەش دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریی دابوو ئەگەر گفتوگۆکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران نەگات ئەنجام، رەنگە فەرمانی هێرشکردنە سەر ئێران بدات.
ترەمپ لە وتاری ساڵانەی خۆیدا رەوایەتی دایە پرۆسەیەکی سەربازیی ئەگەری و رایگەیاند: "رێگە نادەم ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی"، هاوکات وەک گەورەترین پشتیوانی تێرۆر لە جیهان وەسفی کرد، لە بەرامبەردا ئێران هەموو کات هەوڵدانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی رەتکردووەتەوە.
دەزگای CIA پەیامە فارسییەکەی لە رێگەی هەژمارە فەرمییەکانی لە (ئێکس، ئینستاگرام، فەیسبووک، تێلیگرام و یوتیوب) بڵاوکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە نوێترین زنجیرەی هەوڵەکانی ئەو دەزگایەیە بۆ راکێشانی سەرچاوەی هەواڵگری لە وڵاتانی وەک ئێران، چین، کۆریای باکوور و رووسیا.
لە رێنماییەکاندا، دەزگاکە داوا لەو ئێرانییانە دەکات کە دەیانەوێت پەیوەندییان پێوە بکەن "رێکاری گونجاو بگرنەبەر بۆ پاراستنی خۆیان و دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی کۆمپیوتەری شوێنی کار یان مۆبایلە تایبەتییەکانیان."
لە پەیامەکەدا هاتووە: "ئەگەر توانرا ئامێری نوێ بەکاربهێنن کە دوای بەکارهێنان فڕێ بدرێن، هاوکات لە پەیامەکەدا دەڵێت، وریای دەوروبەرتان بن و ئاگاداری ئەوانە بن کە دەتوانن شاشەی مۆبایل یان چالاکییەکانتان ببینن." هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، پێویستە ئەو کەسانەی پەیوەندی دەکەن، شوێنی نیشتەجێبوون، ناو، ناونیشانی پیشەیی و جۆری ئەو زانیاری یان کارامەییانە بخەنە روو کە لایانە و دەکرێت بۆ دەزگای هەواڵگری ئەمریکا گرنگ بن.