سیستەمی 'ئەسیکۆدا' چییە؟
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەدیجیتاڵکردنی مامەڵە بازرگانییەکان و کۆتایهێنان بە سەردەمی کاغەزی، عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی نێودەوڵەتیی ئەسیکۆدا دەکەن.
سیستەمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA)، سیستەمێکی ژمێریاریی دیجیتاڵیی نێودەوڵەتییە، لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ گەشەپێدانی وڵاتانی هەژار و کەمدەرامەت دروستکراوە.
ئەم سیستەمە زیاتر لە وڵاتانی ئەفریقای باشوور و ئەمریکای لاتین جێبەجێ دەکرێت و تا ئێستا لە 108 وڵات پشتی پێ دەبەسترێت.
بەپێی زانیارییەکان، سەرەڕای بێبەرانبەربوونی سیستەمەکە لە بنەڕەتدا، بەڵام بەڵگەنامەکان دەریدەخەن عێراق بە بڕی 13 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار کڕیویەتی، ئەمەش هەر لە سەرەتاوە گومانەکانی بۆ بوونی گەندەڵی لە پرۆسەکەدا دروستکردووە.
ئەسیکۆدا تەنیا سیستەمێکی ژمێریاریی ئاسایی نییە، بەڵکوو پشت بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو دەبەستێت و چەند تایبەتمەندییەک لەخۆ دەگرێت، لەوانە مەنیفێستی ئەلیکترۆنی. پێش گەیشتنی بارهەڵگرەکان بۆ دەروازە سنوورییەکان، زانیارییەکانی بارەکە رەوانەی ناو سیستەمەکە دەکرێت.
پشکنینی هەستیار بە ژیریی دەستکرد بەشێکی دیکەی سیستەمەکەیە. لێرەدا ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنرێت بۆ پۆلێنکردنی بارەکان بۆ سەر سێ رەنگ. رەنگی سەوز، بارەکە هیچ کێشەیەکی نییە و راستەوخۆ بەڕێ دەکرێت. رەنگی زەرد، پێویستی بە پشکنینی بەڵگەنامەکان هەیە. رەنگی سوور، پێویستە تەواوی بارەکە دابگیرێت و پشکنینی خێرای بۆ بکرێت.
چاودێران پێیان وایە جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لە عێراقدا رووبەڕووی چەندین کێشەی جۆراوجۆر دەبێتەوە و کاریگەرییان لەسەر داهاتوو دەبێت. گرنگترینیان نەبوونی ژێرخانی دیجیتاڵییە.
زۆرێک لە بازرگانان و کارمەندانی گومرگ هێشتا لەسەر مامەڵەی دیجیتاڵی رانەهاتوون، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و مانەوەی بارهەڵگرەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە بەندەر و سنوورەکاندا. هەروەها سیستەمەکە تێکەڵاوییەکی لەگەڵ یاسا کۆنەکانی عێراق دروستکردووە، بەتایبەتی دوای دانانی پێناسی نوێی گومرگی.
لە رابردوودا نرخی گومرگ لە دەروازەیەکەوە بۆ دەروازەیەکی دیکە جیاواز بووە، بەڵام بەم سیستەمە تەواوی نرخەکان یەکدەخرێن، ئەمەش کاریگەریی لەسەر جووڵەی بازرگانیی هەندێک ناوچە دەبێت. یەکێک لە مەترسییە گەورەکان ئەوەیە، ئەگەرچی ئەسیکۆدا لە دەروازە فەرمییەکان زۆر توندوتۆڵە، بەڵام بەهۆی بوونی دەروازەی نافەرمی و رێگەی قاچاخەوە، سیستەمەکە کاریگەریی پێچەوانەی دەبێت و دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئابووری و بازاڕی عێراق.
بەپێی ئامارەکان، بەگشتی 31 دەروازەی فەرمی و نافەرمی لە عێراقدا هەن. لە هەرێمی کوردستان 6 دەروازەی فەرمی بوونیان هەیە. لە ناوەڕاست و باشووری عێراقیش 17 دەروازەی سنووری و 4 یەکەی گومرگیی فڕۆکەخانەکان هەن.
کێشە گەورەکە ئەوەیە لە عێراق، بەشێک لە دەروازە و دەرچە نافەرمییەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکان یان لایەنە سیاسییەکانەوە کۆنترۆڵ کراون، ئەمەش بەرکەوتنێکی گەورە لەگەڵ شەفافییەتی سیستەمی ئەسیکۆدادا دروست دەکات.
بۆ بەدەستهێنانی کۆدی سیستەمی ئەسیکۆدا، پێویستە کۆمپانیاکان ناسنامەی باجیان هەبێت و پاکتاوی باجەکانیان کردبێت، هەروەها پاڵپشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری کۆمپانیاکان رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق بکەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ بەدیجیتاڵکردنی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان بەردەوامن. وەزارەتی دارایی عێراقیش ئاماژەی بەوە دا، یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ئابووریی وڵات دەبێت.
لە ئێستادا گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا چڕتر بوونەتەوە بۆ جێبەجێکردنی سیستەمەکە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان. بڕیارە تا مانگی حوزەیرانی داهاتوو، ئەم سیستەمە لە تەواوی دەروازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تەواوی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئێستا لە چەند دەروازەیەک وەک قۆناغی تاقیکردنەوە دەست بە کارکردن کراوە.