تورکیا: چاودێریی چالاکییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەکەین
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، وەزارەتەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆی تورکیا، چاودێریی چالاکییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق دەکات.
پێنجشەممە 26ـی شوباتی 2026، زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا سەبارەت بە کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا، گوتی: "پێدەچێت پەیوەستبوونی سووریا بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش وەک 90ـەمین ئەندام، و زیادبوونی هەژموونی حکوومەتی سووریا لە وڵاتەکەدا، کاریگەرییان هەبووبێت لەسەر ئەوەی ئەمریکا پێداچوونەوە بە بوونی سەربازیی خۆیدا بکات لە سووریا."
گوتیشی: "ئێمە لە نزیکەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەکەمان، چاودێریی چالاکییەکانی ئەمریکا لە سووریا و عێراق و سەرجەم گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکەین."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئەمریکا، لە بنکەی "قەسرەک" لە باکووری رۆژئاوای حەسەکە کشانەوە بەرەو هەرێمی کوردستان، ئەم کشانەوەیەش بەشێکە لە پلانێکی فراوانتری ئەمریکا بۆ جێهێشتنی سووریا، کە پێشتریش چەندین بنکەی لە (شەدادی، تەنەف و دێرەزوور) چۆڵ کردووە.
پێشتر بەرپرسانی ئەمریکا جەختیان کردبووەوە، واشنتن پلانی هەیە تەواوی هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە، کە ژمارەیان نزیکەی هەزار سەرباز دەبێت.