لەمەودوا ئاڵای کوردستان لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان دەشەکێتەوە
کوردستان دەبێتە ئەندامی فیدراسیۆنێکی تۆپی پێی جیهانی و لەمەودوا بە ئاڵای کوردستانەوە بەشداریی پاڵەوانێتییە جیهانییەکان دەکات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان رایگەیاندووە، کوردستان بووە ئەندامی فەرمی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووککراوەی نێودەوڵەتی و لەمەودوا کوردستان بەناوی هەڵبژاردەی کوردستان لەژێر ئاڵای کوردستان بەشداریی جام و پاڵەوانێتییەکانی تۆپی پێی بچووککراوە دەکات.
دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، بە چاودێری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جامی جیهانی تۆپی پێی بچووکراوەی ئافرەتان لە هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەڕێوەچوو، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووککراوەی جیهان داواکاری کوردستانی بۆ بوونە ئەندامی ئەو فیدراسیۆنە قبووڵ کرد و لەمەودوا کوردستان هاوشێوەی هەڵبژاردەی وڵاتانی جیهان بەناوی هەڵبژاردەی کوردستان بەشداریی پاڵەوانێتییەکان دەکات.
رۆژی 22ـی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یاریی کۆتایی مۆندیالی تۆپی پێی بچووککراوەی خانمان لە هەولێر بەڕێوەچوو، خانمانی میسر بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە خانمانی بەڕازیلییان بردەوە، کە بە درێژایی پاڵەوانێتییەکە کوردستان24 پەخشی یارییەکانی دەکرد و سپۆنسەری میدیایی پاڵەوانێتییەکە بوو.
محەمەد دۆسەری سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووكراوەی جیهان، لە رێوڕەسمی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا رایگەیاند بەهۆی ئەو ئارامییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە بڕیاریانداوە ئەو پاڵەوانێتییە بێننە هەولێر.