داواکاری گشتیی ئیسرائیل: ئەفسەرێکی شاباک لە قاچاخچێتی بۆ غەززە تێوەگلاوە
ئەمرۆ پێنجشەممە، 26ـی سوباتی 2026، نووسینگەی داواکاری گشتیی ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە ئەفسەرێکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شاباک) تێوەگلاوە لە تۆڕێکی قاچاخچێتیکردنی کاڵا بۆ ناو کەرتی غەززە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر تۆمەتێکی هاوشێوە ئاراستەی بێزالێل زینی برای دەیڤید زینی سەرۆکی دەزگاکە کرابوو.
میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردووەتەوە، نووسینگەی داواکاری گشتی تۆمەتنامەی فەرمیی دژی ئەو ئەفسەرەی شاباک بەرزکردووەتەوە، بە گومانی ئەوەی لە بەرامبەر وەرگرتنی ملیۆنان شیکڵی ئیسرائیلی ئاسانکاریی کردووە بۆ تێپەڕاندنی کاڵا بۆ ناو غەززە، دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە، لە ئێستا گفتوگۆ بۆ هەڵگرتنی قەدەغەی بڵاوکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەم کەیسە بەڕێوە دەچێت.
ئەم دۆسیەیە دوای ئەوە دێت کە دەسەڵاتدارانی دادوەریی ئیسرائیل پەردەیان لەسەر ئابڕووچوونێکی گەورە لادا، کە تێیدا "بێزالێل زینی" تۆمەتبار کرابوو بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، لە تۆمەتنامەکەدا هاتووە کە زینی، بە قۆستنەوەی پێگەکەی لەناو هێزە یەدەگەکانی سوپادا، سندووقی جگەرەی بە قاچاخ بردووەتە ناو غەززە لە بەرامبەردا 365 هەزار شیکڵ، هەروەها رووبەڕووی چەندین تۆمەتی قورس بووەتەوە، لەوانە، هاریکاریکردنی دوژمن لە کاتی جەنگدا، وەرگرتنی بەرتیل و رێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی دوژمنان.
لە هەمان دۆسیەدا، تۆمەت ئاراستەی هەریەک لە ئەڤیێل بن دەیڤد 31 ساڵ کە سەربازێکی یەدەگە لە هێزی ئوریا، لەگەڵ ئەمیر دۆڤ هالپەرین 38 ساڵ کراوە، هەروەها لە سەرەتای ئەم مانگەدا 12 کەسی دیکەش لەسەر هەمان کەیس تۆمەتبار کران.
بەپێی دانپێدانانەکان و وردەکاریی تۆمەتنامەکە، تۆمەتباران بە باشی دەیانزانی کە ئەو کاڵایانە دەگەنە دەست بزووتنەوەی حەماس و چەکدارەکانی دیکە، کە دواتر بۆ بەهێزکردنی هەژموونی خۆیان و دابینکردنی پارە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان بەکاریان دەهێنن.
کاڵا قاچاخەکان کە بەهاکەیان بە ملیۆنان شیکڵ دەخەمڵێندرێت، پێکهاتوون لە، جگەرە، مۆبایلی ئایفۆن، پاتری، کێبڵی پەیوەندیکردن، پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل و چەندین کەرەستەی تر، تۆڕەکە کاتی ئاگربەست و ساتی چوونەژوورەوەی بارهەڵگرەکانی هاوکارییە مرۆییەکانیان قۆستووەتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم کاڵایانە.
نووسینگەی داواکاری گشتی لە کۆتایی تۆمەتنامەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، لە ژێر سایەی ئەو بارودۆخە ئەمنییەی غەززە، کۆنتڕۆڵکردنی کاڵای هاتوو بۆ حەماس یەکجار گرنگ بووە، سەپاندنی باج بەسەر ئەو کاڵایانەدا لەلایەن حەماسەوە، بەشێکی سەرەکی بووە لە هەوڵەکانی ئەو بزووتنەوەیە بۆ بەردەوامیدان بە مانەوەی خۆی لە رووی داراییەوە و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکەی لە ناوچەکەدا.