بەهای بیتکۆین ئاستی 34 هەزار دۆلاری تێپەڕاند
بۆ یەکەمجار بەهای بیتکۆین ئاستی پێشبینی نەکراوی تۆمارکرد
K24 - ھەولێر
پێشبینی دەکرێت بەهای بیتکۆین بۆ 50 هەزار دۆلار بەرزبێتەوە، بەهای دراوی ئەلیکترۆنی (بیتکۆین) بۆ یەکەمجار ئاستی 34 هەزار دۆلاری تێپەڕاند.
بەهای ئەو دراوە ئەلیکترۆنییە کە گەورەترینە لە رووی قەبارەوە، لە دوایین مامەڵەکانیدا بۆ رێژەی 7.8% بۆ 34 هەزار و 182 دۆلار و 75 سەنت بەرزبووەوە، و دواتر بۆ 33 هەزار و 970 دۆلار دابەزی.
لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردووەوە ئەو دراوە ئەلیکترۆنییە بە نزیکەیی بە رێژەی سەدا 50 بەرزبووەتەوە بە تایبەت دوای ئەوەی ئاستی 20 هەزار دۆلاری تێپەڕاند.
ئانتۆنی تریشیڤ هاوبەشی کارگێڕێ و دامەزرێنەری هاوبەش لە کۆمپانیای نێکسۆ لە لەندەن بۆ ئاژانسی بلوومبێرگ رایگەیاندووە، پێشبینی دەکەن بەهای ئەو دراوە ئەلیکترۆنییە بۆ ئاستی 50 هەزار دۆلار لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بەرزبێتەوە.
سەرەڕای ئەو بەرزبوونەوە بەرچاوەش، بەڵام مامەڵەکاران بە هۆشدارییەوە کڕین و فرۆشتن بەو دراوە ئەلیکترۆنییە دەکەن، بە تایبەت دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی 2020 بە رێژەی 14% داکەوت. دوای بەرزبوونەوە بەرچاوەکەشی لە 2017، بەڵام دواتر بە رێژەی 83% داکەوت.