لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی بارسێلۆنا بەڵێنی گەورە بە هاندەران دەدرێت
بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا رۆژ لە دوای رۆژ گەرمتر دەبێت و بەربژێرانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەو یانەیەش، بەردەوام لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەڵینی گەورە بە هاندەرانی یانەکەیان دەدەن. بە گوێرەی دوایین راپرسی خوان لاپۆرتا سەرۆکی پێشووی یانەکە، بەهێزترین پاڵێوراوە بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆکایەتی یانەکە.
خوان لاپۆرتا سەرۆکی پێشووی یانەی بارسێلۆنا کە پێشتر دووجاری دیکە لە هەڵبژاردنەکانی یانەکە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بۆ ئەمجارەش پاڵێوراوێکی بەهێزە و بە گوێرەی ئەو راپرسیانەی کە دەکرێن، زۆرترین شانسی هەیە بۆ وەرگرتنەوەی کورسی سەرۆکایەتی.
رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆدێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی نزیک لە بارسێلۆنا، راپرسیەکی لەبارەی پۆستی داهاتووی سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا ئەنجامداوە، ئەو راپرسیە لە نێوان 300 ئەنجامی فەرمی یانەکە ئەنجامدراوە.
لەو راپرسیە بە رێژەی سەدا 58.66 خوان لاپۆرتا وەکو سەرۆکی داهاتووی یانەی بارسێلۆنا هەڵدەبژێرن، لە بەرامبەردا رکابەری نزیکی خوان لاپۆرتا کە ڤیکتۆر فۆنتە و هەڵبژاردنەکانی داهاتووش کێبڕکێی دەکرد، لەو راپرسیە سەدا 20 بەدەستهێناوە.
ئەنجامدانی ئەم راپرسیە لە کاتێکدا بوو کە تەنها یەک رۆژ پێشتر، کەسێکی نەناسراو کەیسێکی سپی کردنەوەی پارەی لەلایەن خوان لاپۆرتا بڵاوکردەوە، بەڵام بەشداربووانی راپرسیەکە بەبێ گوێدانە ئەو دەنگۆیانە، پێیانوایە لاپۆرتا شایستەی ئەوەیە ببێتەوە سەرۆکی یانەکەیان.
خوان لاپۆرتا بۆ جاری یەکەم لە ساڵی 2003 وەکو سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا سەرکەوتنی لە هەڵبژاردەکانی یانەکەی بەدەستهێنا و بۆ ماوەی حەوت ساڵ سەرۆکایەتی یانەکەی کرد، پاشان ساڵی 2021 بۆ جاری دووەم توانی ببێتەوە سەرۆکی یانەکە.
بڕیارە رۆژی 15ـی مانگی ئاداری داهاتوو، پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی یانەی بارسێلۆنا ئەنجام بدرێت و بەهێزترین پاڵێوراویش خوان لاپۆرتا و ڤیکتۆر فۆنتن، بە گوێرەی پێشبینیەکانیش خوان لاپۆرتا بەهێزترین بەربژێرە.