دڵشاد هیرانی: ژینگەی هەولێر بە شێوەیەکی بەرچاو پاکبووەتەوە

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، داخستنی مۆلیدەی گەڕەکەکان و دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان کاریگەری زۆری لەسەر خاوێنبوونەوەی ژینگەی هەولێر هەبوو.

ئەمڕۆ هەینی، 27ـی شوباتی 2026، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە کوردستان24ـی گوت: لە چەند ساڵی ڕابردوو ژینگەی هەولێر پیسبوو، بەڵام بەهۆی بڕیار و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ پاککردنەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، گۆڕانکارییەکی زۆر لە ژینگەی هەولێر دروستبووە.

هیرانی گوتیشی: بەگوێرەی ئەو داتانەی تۆمارکراون ژینگەی هەولێر بە رێژەییەکی بەرچاو خاوێنبووەتەوە، ساڵی ڕابردوو لەم کاتانە هەوای هەولێر 170 بۆ 180 بوو، لە "  پێوەری جیهانیی کوالێتی هەوا"، بەڵام ئێستا لە نێوان 70 بۆ 80 دایە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، داخستنی مۆلیدەی گەڕەکەکان، دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان و پرۆژەی رووناکی، کاریگەری زۆریان هەبوو لەسەر پاکبوونەوەی ژینگەی هەولێر.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، 12-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا "پرسی ژینگەپارێزی بەشێکی گرنگی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی ڕابگرین و پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە، ئەرکی هەموو لایەکە."

بڕیارەکانی دوای کۆبوونەوەکە:

یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک ، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

دووەم: ڕێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئۆتومبیل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستیی هەیە. هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.

سێیەم: دەبێ خاوەنی مۆلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکوومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

چوارەم: ڕێگریی لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکار دەهێنرێت.