وەزارەتی کولتوری رووسیا بڕوانامە بە ئەندازیارێکی کورد دەدات

وەزارەتی کولتوری رووسیا بڕوانامەی پاراستنی شوێنەوارە کولتورییەکان بە ئەندازیارێکی کورد دەبەخشێت.

لە فەرمانێکی وەزاریدا، کە واژووی جێگری وەزیری کولتوری رووسیای لەسەرە، بڕوانامەی پاراستنی شوێنەوارە کولتورییەکانی بە نیگارکێش و ئەندازیاری کورد نوریک موسەیان بەخشرا.

نوریک موسەیان، ئەندازیار و نیگارکێشێکی کوردە و لە وڵاتی ئەرمەنستان لەدایکبووە و ئێستا لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دەژیت، نوریک تا ئێستا پێنج پێشانگەی تاکەکەسی لە شارە جیاوازەکانی رووسیا کردۆتەوە.

هەروەها زیاتر لە 500 بەرهەمی هەیە و لە زۆر پێشبڕکێ و کۆنفرانسی زانستی و کۆنگرە و پێشبڕکێدا بەشداریکردووە، کە تێیدا خەڵات و پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و  ماوەی چوار ساڵ لە دوای یەک لە پێشبڕکێی "تەلارسازی دیپلۆماسی" بەشداریکردووە هەر چوار ساڵەکە  پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و لە لایەیەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیاوە خەڵاتکراوە.

 نوریک لە خوێندنشیدا کەسێکی زیرەکە و  ساڵی رابردوو زانکۆی بە پلەی نایاب تەواو کرد و کورسییەکی خوێندنی ماستەری لە تەلارسازی بە دیاری  پێبەخشرا.

 نوریک ئاماژە بەوە دەکات، دەخوازێت پێشانگەی تایبەتی خۆی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک بکاتەوە. ئەم ئەندازیارە کوردە پلانی هەیە لە کوردستان لە بواری تەلارسازی پەرە بە کارەکانی بدات.