بۆچی ئافرەتان زیاتر لە پیاوان هەست بە ئازار دەکەن؟
توێژینەوەیەکی نوێ کە لەسەر مرۆڤ و مشک ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە جیاوازییەکی بایۆلۆجیی ڕوون لە نێوان نێر و مێدا هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئازاردا. بەپێی توێژینەوەکە، کۆئەندامی بەرگری پیاوان توانایەکی باشتری هەیە بۆ کپکردنەوەی ئازار، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە ئازاری درێژخایەن لەنێو خانماندا باوترە.
جێفری لۆمێت، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی ویلایەتی میشیگن، لە گۆڤاری (Science Immunology) بڵاوی کردەوە، جۆرێک لە خانە بەرگرییەکان کە بە مۆنۆسایت ناسراون، پرۆتینێکی دژە هەوکردن بە ناوی ئینتەرلۆکین-10 بەرهەم دەهێنن. ئەم پرۆتینە وەک بڕەو یان سویچ کار دەکات و ئاماژەکانی ئازار لە خانە دەمارەکاندا دەکوژێنێتەوە.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە هۆرمۆنە نێرینەکان، بەتایبەتی تێستۆستیرۆن، هانی بەرهەمهێنانی ئەم خانە بەرگرییانە دەدەن کە ئازار کەمدەکەنەوە. لۆمێت لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەم جیاوازییە تەنیا خەیال یان لاوازی نییە، بەڵکوو بنەمایەکی بایۆلۆجی هەیە و پەیوەستە بە کۆئەندامی بەرگرییەوە."
لە تاقیکردنەوەیەکی مەیدانیدا لەسەر 245 کەس کە لە برینداربوون چاک دەبوونەوە، دەرکەوت کە پیاوان زۆر خێراتر لە ژنان ئازاریان نامێنێت. ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ هەبوونی ئاستێکی بەرزتر لە خانەکانی مۆنۆسایت و پرۆتینی ئینتەرلۆکین-10 لە جەستەی پیاواندا. هەمان ئەنجام لەسەر مشکەکانیش پشتڕاست کراوەتەوە؛ ئەو مشکانەی ئاستی تێستۆستیرۆنیان بەرز بووە، خێراتر بەسەر ئازاردا زاڵ بوون.
ئەم دۆزینەوەیە زانستییە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ داهێنان لە بواری پزیشکیدا، بەتایبەتی بۆ بەرهەمهێنانی جۆرە چارەسەرێکی نوێ بۆ ئازارە درێژخایەنەکان کە پشت بە ماددە هۆشبەرەکان (Opioids) نەبەستێت، بەڵکوو لە ڕێگەی هاندانی جەستە بۆ بەرهەمهێنانی زیاتری پرۆتینی ئینتەرلۆکین-10 کار بکات.