بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق بەرزبووەوە
ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، دوای هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە بازاڕەکانی دراوی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.
کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی سەندیکای دۆلار فرۆشان هەولێر تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 156 هەزار و 300 دیناری عێراقی.
ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد. سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانیش دەڵێن، هێرشەکان بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا دەکرێن.
ئیزرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، "هێرشی پێشوەختەمان لە دژی ئێران دەست پێکردووە و ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیمان کردووەتە سەر تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە."
هەروەها میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، هێرشەکان بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا دەکرێن.
هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، بەردەوام دەنگی تەقینەوەی نوێ لە ناوەندیی تارانی پایتەختی ئێران دەبیسترێت و لە بەیانییەوە چەندان شوێنی جیاواز بۆمباران کراون.
کەنالی 12ـی ئیسرائیلیش رایگەیاند، هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر دەیان پێگەی سەربازی لە ئێران. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئیسرائیل ئاسمانی خۆی بە تەواوەتی داخستووە و چەندان کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ تەلئەڤیڤ هەڵوەشاندووەتەوە.
حکوومەتی ئیسرائیل باری نائاسایی لە ناوخۆی وڵاتەکە راگەیاندووە و دەوامی قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی راگرت. بەهۆی ئەم دۆخەشەوە هاتوچۆی هاووڵاتییان لە هەندێک ناوچەی ئیسرائیل سنووردار کراوە.