ئەردۆغان: نامانەوێت شەڕێکی دیکە لە ناوچەکەمان رووبدات
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ میسر، رایگەیاند: "نامانەوێت شەڕێکی نوێ لە ناوچەکەماندا رووبدات، هەمیشە و بە روونی ئەمەم گوتووە."
شەممە 28ـی شوباتی 2026، ئاژانسی هەواڵی تەنسیم، رایگەیاند، رەجەب تەیب ئۆردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، جەختی لە گرنگی ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان واشنتن و تاران کردەووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، هاوکات هیوای خواست کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن و ململانێیەکی نوێ لە ناوچەکەدا هەڵنەگیرسێت.
سەبارەت بە کەرتی غەززە، ئەردۆغان گوتی: "دەمانەوێت برایانی فەڵەستینیمان لە غەززە ژیانێکی شایستە و ئاشتییەکی هەمیشەییان هەبێت کە شایستەی بن، ئێمە پشتیوانی لە چەسپاندنی ئاشتی دەکەین لەسەر زەوی نەک تەنها لەسەر کاغەز".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و پێشێلکارییەکانی بۆ ئاگربەست لە غەززە کارێکی قبوڵنەکراوە، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی پابەندی رێککەوتنەکەی لەگەڵ حەماس بێت.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، تورکیا نیگەرانە لە بەرانبەر پەرەسەندنەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە و رایگەیاند، ئەو رووداوانەی بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد، هەروەها بە ئامانجگرتنی وڵاتانی دیکە لەلایەن ئێرانەوە بینرا، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر داهاتووی ناوچەکە و سەقامگیری جیهان.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە، هەموو ئەو کارانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن و هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی بێتاوان دەکەن جێگەی نیگەرانین، هەروەها سەرکۆنەی ئەو هەوڵانەی کرد کە دەبنە هۆی زیادبوونی توندوتیژی، هاوکات داوای لە هەموو لایەنەکان کرد هێرشەکان دەستبەجێ رابگرن.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا. جەختی لەوە کردووەتەوە، پێویستە کێشەکانی ناوچەکە بە رێگەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن، ئاماژەی بەوە کردووە، تورکیا ئامادەیە پاڵپشتی پێویست لە چوارچێوەی نێوەندگیریدا پێشکەش بکات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە ئاسایشی هاووڵاتییانی تورکیا کە لەو وڵاتانە نیشتەجێن کاری لەپێشینەیە و هەموو رێوشوێنە پێویستەکان لەو بارەیەوە گیراونەتە بەر.
بەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026، ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشێکیان دژی ئێران بە ناوی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" دەستپێکرد، لەو کاتەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند وڵاتەکەی "ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەرفراوان"ی لە ئێران دەستپێکردووە.
ترەمپ لە راگەیاندنی هێرشەکەدا گوتی، وڵاتەکەی بەرنامەی مووشەکی ئێران لەناودەبات و پیشەسازی مووشەکییان لەگەڵ زەوی تەخت دەکات و هێزی دەریایییان تێکدەشکێنێت.
هاوکات ئیسرائیل باری نائاسایی تایبەت و دەستبەجێی لە سەرانسەری وڵاتدا راگەیاند.
لە لایەکی دیکەوە، ئێران هەڕەشەی وەڵامێکی توندی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە ناوچەکە راگەیاند و چەندین مووشەک و درۆنی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد.