لە پاکستان هێرش کرایە سەر کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و کوژراو هەیە
لە پاکستان هێرش کرایە سەر کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و هەشت کەس کوژران.
میدیاکانی پاکستان بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی ئاداری 2026، بەهۆی توڕەییان لە هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، ژمارەیەک خۆپیشاندەر هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە شاری کەراچی و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە بەشی فریاکەوتنی کەراچی رایگەیاند، "لە کاتی هەڵکوتانە سەر کۆنسوڵخانەکەدا هەشت خۆپیشاندەر کوژراون و ناڕەزایەتییان بەرانبەر کوژرانی رێبەری ئێران دەربڕیوە."
ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێت تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێرانی راگەیاند.
شاری کەراچی پایتەختی ئابووریی پاکستانە و پێشتریش رووبەڕووی چەندین شەپۆلی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بووەتەوە، بەتایبەت ئەو خۆپیشاندانانەی ئاراستەیان دژی سیاسەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بووە.
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لەو شارە لە ساڵانی رابردووشدا چەند جارێک کراوەتە ئامانجی هێرش و خۆپیشاندانەکان.