دوای داخستنی گەرووی هورمز، 150 کەشتی نەوتهەڵگر گیریان خواردووە

وێنە، گەرووی هورمز  'ئەرشیف'
وێنە، گەرووی هورمز 'ئەرشیف'

بە گوێرەی داتاکانی کەشتیوانی کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە 150 کەشتی نەوت و گاز لە ئاوەکانی کەنداو لە دەرەوەی گەرووی هورمز راگیراون، ئەمەش لە کاتێکدایە لە دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گرژییەکان زیاتر بووە.

هەر بەگوێرەی داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان، ئەوە ئاشکرا کراوە، زۆربەی کەشتییە بازرگانییەکان جموجۆڵی خۆیان لە هەردوو دیوی گەرووی هورمزدا راگرتووە، جگە لە کەشتییە جەنگییەکانی ئێران و چین.

هەروەها رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاویکردووتەوە، کۆمپانیاکانی بیمەی مەترسی جەنگ خاوەن کەشتییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە ئەگەر بە گەرووەکەدا تێپەڕن، ئەوە بیمەی ئەو کەشتیانە هەڵدەوەشێننەوە.

دیلان مۆرتیمەر، بەرپرسی بەشی رووپۆشی کەشتیی دەریایی لە کۆمپانیای 'مارش' رایگەیاندووە، رێژەی بیمە کە بە نزیکەی 0.25%ی بەهای کەشتییەکە خەمڵێندراوە، دەتوانرێت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە، واتە تێچووی بیمەکردنی کەشتییەکی 100 ملیۆن دۆلاری دەتوانێت لە 250 هەزار دۆلارەوە بۆ نزیکەی 375 هەزار دۆلار بۆ هەر گەشتێک بەرزبێتەوە.

هەروەها کۆمپانیای راوێژکاری 'ئی ئۆ ئێس ریسک'  رایگەیاندووە، بەشێک لە کەشتیەکان هۆشداری رادیۆییان لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پێگەیشتووە کە باس لەوە دەکەن گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا داخراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، کەشتییەکی نەوتهەڵگر بەبێ گوێدانە هۆشدارییەکانی هێزەکانی ئێران ویستی لە گەرووی هورمز بپەڕێتەوە بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئێران کرایە ئامانج.

پێشتریش سوپای ئێران داخستنی گەرووی هورموزی ڕاگەیاندبوو، کەشتییەکانیش هۆشدارییان پێدرابوو کە بەهۆی هێرشی هاوبەشی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل رێڕەوەکە پارێزراو نییە.