لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ئێران چوار هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژران

لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ئێران چوار هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژران
لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ئێران چوار هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژران

لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ئێران چوار هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. 

داونیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی ئاداری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران دەیان مووشەک و فڕۆکەی جەنگی دیکەی ئاراستەی ئیسرائیل کرد؛ یەکێک لە مووشەکەکان لە شاری "بەیت شیمس"ـی نزیک ئۆرشەلیم (قودس) کەوتە خوارەوە. 

بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە، چوار هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. 

تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە و هەوڵی دەرهێنانی تەرم و رزگارکردنی برینداران دەدەن. 

بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئێران سەدان مووشەک و درۆنی ئاراستەی وڵاتەکەیان کردووە و ژمارەیەکیان لە ناوچە جیاوازەکانی ئیسرائیل کەوتوونەتە خوارەوە و بەوهۆیەوە، ژمارەیەک هاووڵاتی کوژراون و برینداربوون، بەڵام تا ئێستا ئاماری قوربانییان بە فەرمی رانەگەیەنراوە. 

ئەم هێرشانە بۆ سەر ئیسرائیل، لە وەڵامی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سەربازیی ئیسرائیل و ئەمریکایە بۆ سەر ئێران کە لە بەیانیی رۆژی شەممەوە، 28ـی شوباتی 2026، دەستیپێکردووە و بەردەوامە. 

لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و دەیان سەرکردە و فەرماندەی باڵای سەربازیی کوژراون. 

جگە لە ئیسرائیل، ئێران لە رۆژی یەکەمی شەڕەکەوە، بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون.