نرخی نەوت بۆ 80 دۆلار بەرزبووەوە و ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنان زیاد دەکات

بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 8-10% بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە مامەڵە دەرەکییەکانی بۆرسەدا.

یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، نرخی نەوت بۆ 80 دۆلار بەرزبووەوە، ئەم بەرزبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ئەوەی کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەناراوەکانی سەڵتەنەی عومان هێرشی کرایە سەر و ئێران رایگەیاند کەشتییەکی تری لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج.

گەرووی هورمز بە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوەکانی نەوت لە جیهاندا دادەنرێت، کە نزیکەی 20%ـی نەوتی جیهانی پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش وادەکات هەر پەککەوتنێکی هاتوچۆی دەریایی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی وزە و نرخی نەوتی خاو هەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە هاوپەیمانی "ئۆپێک پڵەس" رێککەوت لەسەر زیادکردنێکی کەمی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 206 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتووەوە دەستپێبکات.

ئەم بڕیارەی ئۆپێک پڵەس هاوکاتە لەگەڵ شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و وەڵامدانەوەکەی تاران، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی رەوتی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن ئەندامە سەرەکییەکانی هاوپەیمانییەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.