ئێران بۆ عوممان: هەوڵی جددی هەبێت ئامادین بۆ گفتوگۆ
ئاژانسی هەواڵی عوممان بڵاویکردەوە، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەیەوە پێگەیشتووە، لەو پەیوەندییەدا عێراقچی جەختی لە کرانەوەی تاران کردووەتەوە بۆ هەر هەوڵێکی جددی کە یارمەتیدەر بێت لە راگرتنی ئاڵۆزییەکان و گەڕانەوەی سەقامگیری.
یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی عومان بڵاویکردەوە، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پێگەیشتووە، لەو پەیوەندییەدا سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ رۆڵی سەڵتەنەی عوممان و هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی دەربڕیوە، کە ئامانج لێی هێورکردنەوەی قەیرانی ئێستا و گەڕانەوەیە بۆ سەر رێڕەوی گفتوگۆ و دانوستان.
عێراقچی هەڵوێستی ئێرانی خستووەتەڕوو کە وڵاتەکەی خوازیاری ئاشتییە، ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی هۆکاری سەرەکی بووە بۆ تێکچوونی دۆخەکە و بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناوچەکەدا، جەختیشی کردووەتەوە کە لایەنی ئێرانی پێشوازی لە هەر هەوڵێکی جددی دەکات کە ببێتە هۆی راگرتنی پەرەسەندنی گرژییەکان.
لەلایەن خۆیەوە، بەدر ئەلبوسەعیدی جەختی لەوە کردەوە، سەڵتەنەی عوممان بەردەوام دەبێت لە داواکارییەکانی بۆ چەسپاندنی ئاگربەست و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان بە رێگەی دیپلۆماسی، بە جۆرێک کە داواکارییە رەواکانی هەموو لایەنەکان دابین بکات، هەروەها داوای لە لایەنی ئێرانی کرد کە دان بەخۆدا بگرن و دووربکەونەوە لە هەر کارێک کە ببێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکانی دراوسێیەتی.
عراقچی پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (ئەلجەزیرە) جەختی لەوە کردبووەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو باشە و رایگەیاندبوو: "ئێمە هێرش ناکەینە سەر دراوسێکانمان لە وڵاتانی کەنداو، بەڵکو هێرش دەکەینە سەر بوونی ئەمریکا لەو وڵاتانەدا."
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "دەزانین وڵاتانی کەنداو لە هێرشەکانمان تووڕەن، بەڵام پێویستە بزانن کە ئەمە شەڕێکە بەسەرماندا سەپێنراوە."
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، پڕۆسەی تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی کارێکی زۆر مەترسیدار و بێپێشینەیە و پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە، ئەمەش رووبەڕووبوونەوەکە ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر دەکات، لە درێژەی قسەکانیدا عێراقچی گوتی: "هیچ بەربەست و سنوورێک لەبەردەمماندا نییە بۆ بەرگریکردن لە خۆمان."