ترەمپ: رازی بووم لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی ئێران کۆببمەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە سەرکردایەتی نوێی ئێران داوای گفتوگۆیان لێکردووە و ئەویش رەزامەندی نیشانداوە، هاوکات وردەکاری نوێی دەربارەی زیانە سەربازییەکانی تاران و دۆخی ناوخۆی ئەو وڵاتە ئاشکرا کرد.

یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری (زە ئەتلانتیک) ئاماژەی بەوە کرد: "ئێرانییەکان دەیانەوێت قسە بکەین، منیش رازی بووم، دەبوو زۆر زووتر ئەم کارەیان بکردایە و پێشنیازێکی کردەییان پێشکەش بکردایە، بەڵام زۆر چاوەڕێیان کرد و ویستیان فێڵبازی بکەن".

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، لێدانە سەربازییەکان کاریگەرییەکی گەورەیان هەبووە و گوتی: "هەندێک لەو بەرپرسە ئێرانییانەی لە هەفتەکانی رابردوودا لە گفتوگۆکاندا بەشدار بوون، ئێستا لە ژیاندا نەماون و کوژراون."

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران، ترەمپ پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی و گوتی: "راپەڕینێکی سەرکەوتوو لە رێگایە، خەڵک لە شەقامەکانی ئێران و لە لۆس ئەنجلس و نیویۆرکیش دڵخۆشن و ئاهەنگ دەگێڕن". ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەرای توندی هێرشەکان، بەڵام کاریگەرییەکان لەسەر بازاڕی نەوت و نرخەکەی کەمتر بووە لەوەی پێشبینی دەکرا.

هاوکات، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی (تروس سۆشیاڵ) رایگەیاند، زانیاری پێگەیشتووە دەربارەی تێکشکاندن و نوقمکردنی 9 کەشتیی جەنگیی ئێران، کە هەندێکیان گەورە و ستراتیژی بوون.

ترەمپ جەختی کردەوە،"بارەگای فەرماندەیی هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی وێران کراوە" و ئۆپەراسیۆنەکانیش بۆ راوەدوونانی پاشماوەی کەشتییەکان و هێزەکان بەردەوام دەبن.