ناتۆ دەست دەکات بە جوڵەی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
هاوپەیمانی ناتۆ هێزەکانی بۆ پاراستنی 32 وڵاتی ئەندام دەجوڵێنێت و ئامادەکاری بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆنەکان دەکات.
یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، هاوپەیمانی ناتۆ، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا دەستپێکردنی زنجیرەیەک جوڵە و رێکاری سەربازیی راگەیاند، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لەم هەوڵەی ناتۆ پاراستنی وڵاتانی ئەندامە لە لێکەوتە و پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ئێستای ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی ناتۆ، هاوپەیمانێتییەکە دەستی کردووە بە گۆڕینی شوێنی هێزەکانی و بڵاوکردنەوەیان بە جۆرێک کە بتوانێت باشتر پارێزگاری لە هەر 32 وڵاتی ئەندام بکات، بەتایبەتی بەرامبەر هەڕەشە ئاسمانییەکان وەک مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم دابەشکردنەوەی هێزانە پاراستنێکی گشتگیر لە وشکانی، دەریا، ئاسمان و تەنانەت دیجیتاڵیش (سایبەر) دابین دەکات.
ناتۆ جەختی کردووەتەوە، لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئاڵەنگارییەکی ئەمنی کە بەهۆی شەڕی بەردەوامی ئێستای ناوچەکە بێتە پێشەوە.
ئەم هەنگاوەی ناتۆ دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی ئەنجامدانی گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە مێژووی ئێراندا کرد، ئەمەش وەکو تۆڵەیەک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لەلایەن ئەمریکاوە کە گرنگترین و بەهێزترین ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە.