حزبوڵڵای لوبنانی هاتە نێو شەڕەکە، ئیسرائیلیش وەڵامی دەداتەوە
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی ئاداری 2026، حزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بە کۆمەڵێک مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکەی "میشمار هەرکەرمەل" لە باشووری شاری حەیفای ئیسرائیل.
حزبوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هێرشە "وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ خوێنی ئیمام خامنەیی و بۆ بەرگریکردن لە لوبنان و گەلەکەی" ئەنجام دراوە. هەروەها جەختی کردەوە، "بەردەوامی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و تیرۆرکردنی سەرکردە و گەنجەکانمان مافی تەواومان پێ دەدات بۆ بەرگریکردن و وەڵامدانەوە".
لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر چەندین ناوچەی جیاواز لە ناو خاکی لوبنان دەستپێکردووە وەک وەڵامێک بۆ ئەو مووشەک و درۆنانەی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کراون.
فەرماندەی ناوچەی باکووری سوپای ئیسرائیل لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "حزبوڵڵا رژێمی ئێرانی هەڵبژاردووە لەسەر حیسابی دەوڵەتی لوبنان و باجێکی قورس دەدات". هاوکات ئیال زامیر، جێگری سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "جەنگێکی هێرشبەریمان دژی حزبوڵڵا لە لوبنان دەستپێکردووە و دەبێت بۆ چەند رۆژێک لە شەڕکردن لەوێ ئامادە بین".
باشووری بەیروت (زاحیە) رووبەڕووی هێرشی توندی ئیسرائیل بووەتەوە و ئاژانسی رۆیتەرزیش لە زاری شایەتحاڵەکانەوە بڵاویکردەوە، دەنگی زیاتر لە 12 تەقینەوە پایتەختی لوبنانی هەژاندووە.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە نوێترین ئاماردا رایگەیاند، بەهۆی زنجیرە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و زاحیەی بەیروت، ژمارەی قوربانییان بەرزبووەتەوە بۆ 31 کوژراو و 149 بریندار.
لە چوارچێوەی پەرەسەندنەکاندا، سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بەپەلەی بۆ چۆڵکردنی زیاتر لە 50 گوند لە باشوور و بیقاعی رۆژهەڵات دەرکردووە. سوپا داوای لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە کرد دەستبەجێ ماڵەکانیان جێبهێڵن و لانی کەم 1000 مەتر لە ناوچەکانی بارگرژی دووربکەونەوە، هۆشداریشیدا، مانەوە لە نزیک بنکەکانی حزبوڵڵا "ژیان دەخاتە مەترسییەوە".
ئەم هۆشدارییانە چەندین شارۆچکە و گوندی گرتووەتەوە، لەوانە (سەریفا، مەعروب، سەلعا، عەین قانا، یەحمەر، حانین، یاتر، مەیس جەبەل) لەگەڵ چەند گوندێکی دیکە لە قەزای بەعلەبەک.
دەستپێکردووە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ئەم گرژییانە بۆ جەنگێکی گشتگیر لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.