ئوردن دەکەوێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
لە پەیامێکی بەپەلەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان و کارمەندانی لەبارەی ئەگەری بەردەوامی چالاکییە سەربازییەکان لە ئاسمانی وڵاتەکەدا. بەگوێرەی زانیارییەکان، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مووشەک و درۆن بە ئاسمانی ئوردندا تێپەڕ بن، ئەمەش وایکردووە حکوومەتی ئوردن سیستەمی ئاگادارکردنەوەی بەرگریی شارستانی بخاتە حاڵەتی چالاکەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە هەمووان کردووە زۆرترین ئاستی هۆشیاری بپارێزن و لە کاتی بیستنی دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە، دەستبەجێ پەناگە بگرن و لە پەنجەرەکان دوور بکەونەوە. سیستەمی ئاگادارکردنەوەی ئوردن بەم شێوەیەی خوارەوە کار دەکات.
زەنگی ئاگادار کردنەوەی یەکەم؛ پێکهاتووە لە سێ تەقینەوەی پچڕپچڕ لە ماوەی 30 چرکەدا. ئەمە بەواتای بوونی مەترسییەکی راستەوخۆ دێت و پێویستە دەستبەجێ بچنە پەناگەوە.
زەنگی ئاگادار کردنەوەی دووەم؛ دەنگێکی بەردەوامە بۆ ماوەی یەک خولەک دەخایەنێت، بە واتای دۆخەکە ئاسایی بووەوە دێت.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا رایگەیاندووە؛ لە ئێستادا دەرگاکانی کراوەن، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی توندی بارودۆخی ناوچەکە، ئەگەری گۆڕانکاری خێرا لە ئارادایە. داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت چاودێری وردی هەواڵەکان بکەن و بۆ ڕێنمایی زیاتر سەردانی ماڵپەڕی "ناوەندی نیشتمانیی بۆ ئاسایش و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان" بکەن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی ئوردن (PSD) ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی جار دوای دەنگی زەنگەکە، پەیامێکی دەنگی بە زمانی عەرەبی بڵاودەکرێتەوە کە هۆکاری چالاکبوونی زەنگەکە رووندەکاتەوە.
سەبارەت بە گەشتەکان، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی "شاژن عەلیا" رایگەیاندووە؛ بەردەوام دەبێت لە بڵاوکردنەوەی نوێکارییە راستەوخۆکان بۆ سەرجەم گەشتیاران. داوا لەو کەسانە دەکرێت کە گەشتی چوونە دەرەوەیان لە عەممانەوە هەیە، پێشوەختە لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمی فڕۆکەخانەوە سەیری کات و دۆخی گەشتەکانیان بکەن.