پزیشکیان: حکوومەتم راسپاردووە خزمەتگوزاریی پێشکەشی هاووڵاتیان بکەن

مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند؛ سەرجەم وەزیرەکان، سەرۆکی رێکخراوەکان و دەزگا جێبەجێکارەکانی وڵاتی راسپاردووە بەوپەڕی تواناوە کار بکەن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە شێوەیەکی یەکگرتوو و بێ پچڕان.

سەرۆکی ئێران جەختی کردەوە، پێویستە هەموو سێکتەرەکان بەگوێرەی ئەرک و پسپۆڕییەکانیان، پلانی تایبەت و دەسەڵاتە پێویستەکانیان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری بگەیەننە خەڵک.

پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی قۆناخی دوای کۆتایی هاتنی شەڕی سەپێنراو و بۆ بوژانەوەی کایە جیاوازەکانە، بە جۆرێک کە هاووڵاتیان هەست بە گۆڕانکاری بکەن و کاروباری رۆژانەیان بەبێ گرفت بەڕێوەبچێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئێران جەختی لە دروشمی سەرەکی کابینەکەی کردەوە و رایگەیاند: "حکوومەت لەگەڵ خەڵک دەوەستێت و بەرپرسیارێتی هەموو دامەزراوەکانە لە ئاستی داواکارییەکانی شەقامدا بن."