ئێران: ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر وێستگەی نەتەنز

ئاژانسی ئەتۆم رەتیدەکاتەوە هیچ ناوەندێکی ئەتۆمی ئێران بۆمباران کرا بێت

وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز (ئەرشیف)
وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز (ئەرشیف)

ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی ئاداری 2026، رافایەل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، رەوشی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە "زۆر نیگەران" وەسف کرد و داوای لە سەرجەم لایەنەکان دەکات لە سایەی ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، "ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن" بنوێنن.

لە سەرەتای کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانس بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئێران، گرۆسی جەختی کردەوە، پێویستە بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان هەموو لایەک دان بە خۆیاندا بگرن.

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، هەوڵەکانیان بۆ پەیوەندیکردن بە دەسەڵاتی چاودێریی ئەتۆمیی ئێران بەردەوامە و تا ئێستا وەڵامیان دەستنەکەوتووە، روونیشی کردەوە، لای ئەوان هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران یان زیان بەرکەوتنیان لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی.

پێچەوانەی ئەم لێدوانە، باڵیۆزی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنزیان کردووەتە ئامانج.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەسەر داوای رووسیا و بەدوای داوایەکی هاوشێوەی تاران، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە بارەگای خۆی لە ڤییەنا ئەنجام دا، ئەمەش پێش کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسەکە دێت نوێنەری 35 وڵات لەخۆ دەگرێت.

گرۆسی باسی لەوە کرد، بوونی وێستگەکانی وزەی ئەتۆمی و کورەی لێکۆڵینەوە لە ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لەگەڵ کۆگاکانی سووتەمەنیی پەیوەست پێیانەوە و کەوتنیان بەر هێرشە سەربازییەکان، هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی ئەتۆمی زیاتر دەکەن.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە هۆشداری دا، ناکرێت ئەگەری دزەکردنی تیشکی ئەتۆمی بەدوور بگیرێت، ئەوەش لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت و رەنگە ببێتە هۆی پێویستیی چۆڵکردنی ناوچەیەک بە قەبارەی شارە گەورەکان یان گەورەتریش. بۆ ئەم مەبەستە ئاماژەی بە بوونی 4 کورەی ئەتۆمیی مەدەنی لە ئیمارات و چەند کورەیەکی تری لێکۆڵینەوە لە ئوردن و سووریا کرد.