سێنتکۆم گیانلەدەستدانی چوارەمین سەربازی ئەمریکی راگەیاند
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە نوێترین راگەیەنراودا ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە جەنگی ئێراندا کوژراون، گەیشتە چوار سەرباز.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی سێنتکۆم، کاتژمێر 7:30ـی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی ئاداری 2026، بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا، چوارەمین سەربازی ئەمریکی گیانی لەدەستدا.
راگەیەنراوەکەی سێنتکۆم روونی کردووەتەوە، ئەو سەربازە لە کاتی هێرشە سەرەتاییەکانی ئێراندا بە سەختی بریندار ببوو، دواجار بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
سەبارەت بە دۆخی مەیدانی، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئۆپەراسیۆنە جەنگییە گەورەکان و هەوڵەکانی وەڵامدانەوەیان بەردەوامن.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش دا، ناسنامەی کوژراوەکان پارێزراو دەبێت و راناگەیەنرێت تا 24 کاتژمێر دوای ئاگادارکردنەوەی فەرمیی خێزان و کەسوکاریان تێپەڕ دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو (یەکشەممە، 01ـی ئادار)، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا کوژرانی سێ سەربازی وڵاتەکەی لە شەڕەکەی دژی ئێرانی راگەیاندبوو.