پوتن داوای ئاگربەست لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

سەرۆکی رووسیا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیدا لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو، داوای ئاگربەستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. 

دووشەممە 2ـی ئاداری 2026، کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا ( کرێملن ) رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا، پەیوەندی بە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو کردووە، ئەم پەیوەندییەی پوتن دوای دەستپێکردنی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هاوکات تاران هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئاراستەی ئیسرائیل و چەند ئامانجێک لەو وڵاتە عەرەبیانە کرد کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان تێدایە، ئەمەش ئەو وڵاتانەی ناچار کرد ئاسمانی وڵاتەکانیان دابخەن و بووە هۆی وەستانی جووڵەی فرۆ کەوانی لە شارە سەرەکییەکانی وەک دوبەی و ئەبوزەبی.

لە بەیاننامەکەی کرێملندا هاتووە، ڤلادیمێر پوتن رۆژی دووشەممە پەیوەندی تەلەفۆنی بە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە و سەرکردەکانی ئیمارات، قەتەر و بەحرەینەوە کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لایەنەکان جەختیان لە پێویستی ئاگربەستی دەستبەجێ و گەڕانەوە بۆ پرۆسەی سیاسی و دیپلۆماسی کردووەتەوە.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، سەرۆکی رووسیا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ گەیاندنی نیگەرانییەکانی دەوڵەتی ئیمارات سەبارەت بە هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران بە تاران و هاوکاریکردن لە گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە.

لە بەیاننامەکدا هاتووە، لە کاتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر، هەردوو سەرۆک نیگەرانی خۆیان لە مەترسییەکانی فراوانبوونی ململانێکان و مەترسی راکێشانی لایەنی سێیەم بۆ ناو جەنگەکە دەربڕی.

پێشتر و لە هەمان رۆژدا، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئیدانەی هەر هێرشێکی بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان، چ لە ئێران بێت یان لە وڵاتانی عەرەبی کردبوو.

پوتن لە بەرامبەر ئەو گۆشەگیرییەی کە وڵاتانی رۆژئاوا دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا بەسەر وڵاتەکەیدا سەپاندوویانە، هەوڵی داوە هاوبەشییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز بکات و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هەریەکە لە ئێران و وڵاتانی عەرەبی کەنداو هەیە.

ئیمارات وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیادا دەرکەوتووە، بەتایبەتی لە پرۆسەکانی ئاڵوگۆڕی دیلەکاندا، لەم دواییانەشدا میوانداری گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی ئەمریکی، رووسی و ئۆکرانی کرد سەبارەت بە پلانێکی ئەمریکی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

هەروەها تاران بە هاوپەیمانێکی سەرەکی مۆسکۆ دادەنرێت و فرۆکەی بێفرۆکەوانی "شاهید"ی بۆ دابین کردووە، کە ئێستا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن.