وەزارەتی بەرگریی سعوودییە: هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا

چەندین تەقینەوەی بەهێز گەڕەکی دیپلۆماتکاران شاری ڕیازی پایتەختی سعوودیەی هەژاند و بەو هۆیەشەوە دووکەڵێکی چڕ ئاسمانی ناوچەکەی بەرزبووەتەوە. ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە گرژییەکی بێوێنەی بەخۆوە بینیوە و ئێران لە کاردانەوەی کوژرانی ڕێبەری باڵای وڵاتەکەی، هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو دەستپێکردووە.

سێشەممە 3ی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری چوار شایەتحاڵ لە شاری ڕیاز بڵاوی کردووەتەوە، دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێزیان بیستووە و دواتر بینیویانە کە دووکەڵ بەسەر گەڕەکی دیپلۆماتکاران بەرزبووەتەوە، کە ناوەندی سەرەکیی باڵیۆزخانەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی دیپلۆماتکارە بیانییەکانە. یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: دوو تەقینەوەی یەک لە دوای یەکم بیست و پاشان دووکەڵێکی زۆر لە ئاسمانی گەڕەکەکەدا بینرا.

هەروەها سێ سەرچاوە لە سوپای سعوودیە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕاگەیاندوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان چەند درۆنێکییان لەو گەڕەکە تێکشکاندووە؛ هاوکات دەنگی چەند تەقینەوەیک بیستراوە و  دوکەڵ لە بەڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ریاز بەزبووەتەوە.

هاوکات وەزارەتی بەرگریی سعوودییە رایگەیاندووە، توانیواینە دوو درۆن تێکبشکێنن کە ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کراوە.

ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە دوای ئەوە دێت کە ئێران دەستی کردووە بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی کەنداو، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لەو هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە کرانە سەر خاکی ئێران.