جەنگی ئێران و ئەمریکا، زێلێنسکی نیگەران کردووە
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی ئۆکرانیا بەهۆی جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا، مووشەک و سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە واشنتن وەرنەگرێت.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، بە رۆژنامەی کۆریێر دێلا سێرای ئیتاڵیی راگەیاندووە، "بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران دەستیپێکردووە، رەنگە ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بەم سیستەمە هەبێت بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، وەک مووشەکی دژە فڕۆکەی پاتریۆت."
زێلێنسکی گوتیشی: ئێمە بەرنامەی PURL بەکاردەهێنین بۆ کڕینی چەکی ئەمریکی بە پارەی ئەوروپی و ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریکییەکان خۆیان پێویستیان بەم ئامێرە هەبێت.
زێلێنسکی روونیشیکردەوە، لە ساڵی 2025دا بەھۆی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا خاوبووەوە، جەختیشی کردەوە، هەرچەندە تا ئێستا ئەم سیناریۆیە دووبارە نەبووەتەوە، بەڵام ترسی ئەوەی ھەیە دووبارە ببێتەوە.
هەروەها ئەو ئەگەرەی رەت نەکردەوە کە ئەمریکا و ئەوروپا لە یارمەتیدانی کیێڤ دوور بکەونەوە و سەرنجیان لەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕبکەنەوە.