ترەمپ: پێویستمان بە بەریتانیا نییە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەریتانیا وەک جاران نەماوە. 

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (The Sun)ی بەریتانی گوتی، "زۆر جێگەی داخە دەبینین پەیوەندییەکانمان وەک جارانیان نەماوە. ئەمریکا بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ پێویستییەکی بە بەریتانیا نییە." روونیشی کردەوە، "بێگومان ئەمە هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، بەڵام دەبوو ستارمەر هاوکارمان بێت... دەبوو ئەو کارە بکات."

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، هەرگیز پێی وا نەبووە ئەم پەیوەندییە تایبەتەی نێوانیان، پێشتر بە "بەهێزترین پەیوەندیی مێژوویی" وەسف دەکرا، بەم شێوەیە بکەوێتە مەترسییەوە. 

لە بەرانبەردا ترەمپ ستایشی فەرەنسا و ئەڵمانیای کرد و گوتیشی، "پەیوەندیی ئێمە و بەریتانیا لە مێژوودا بەهێزترین بوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپادا پەیوەندییەکی زۆر بەهێزمان هەیە."

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، 02ـی ئاداری 2026، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بەشدارییان لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەکردووە و ناشیکەن.

ستارمەر لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا گوتی، "پێمان وا نییە هەوڵی رووخاندنی دەسەڵاتی ئێران تەنیا لە رێگەی بۆردومانی ئاسمانییەوە و بەبێ هێرشی زەمینی سەرکەوتوو بێت، هەر ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەشدارینەکردنی بەریتانیا لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران."

گوتیشی، "حکوومەتی ئێمە بڕوای بەوە نییە لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە رژێمەکان بگۆڕدرێن." جەختیشی کردەوە، "هەر کارێکی سه‌ربازی پێویستی به‌ بنه‌مایه‌کی یاسایی، پلانێکی وردی شیاوی جێبه‌جێکردن و ئامانجێکی روون هه‌یه‌." دووپاتیشی کردەوە، بڕیاری بەشدارینەکردنیان لەو هێرشانەدا لەسەر بنەمای ئەم خاڵانە بووە.

ستارمەر ئاماژەی بەوەش کرد، رێگەیان بە ئەمریکا داوە بە شێوەیەکی سنووردار بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا بەکاربهێنێت. ئەم هەنگاوەش لە وەڵامی هێرشە "نابەرپرسانە"کانی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر هاووڵاتییانی بەریتانی دێت، لەگەڵ ئەوەشدا سوور بوو لەسەر بڕیارەکەی بۆ بەشدارینەکردن لە هێرشەکانی رۆژی شەممەی سەر ئێران.