پزیشکیان: ژیان لە ئێران نەوەستاوە و بەردەوامە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران

سەرۆککۆماری ئێران پەیامی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان و جەخت دەکاتەوە کە سەرەڕای ئەو دۆخە هەستیار و نائاساییەی وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، رەوتی ژیان پەکینەکەوتووە و دامودەزگاکان بەردەوامن لە کارکردن.

سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە لێدوانێکدا دووپاتی کردەوە، سەرەڕای دۆخی نائاسایی، ژیان لە وڵاتدا نەوەستاوە و بە شێوەیەکی سروشتی بەردەوامە.

سەرۆککۆماری ئێران، ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە لە پەیوەندیی راستەوخۆ و بەردەوامداین لەگەڵ پارێزگارانی شارەکان و چاودێریی دۆخەکە دەکەین و دامودەزگاکان بەردەوامن لە کارکردن".

بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.