حکومەت بڕیاری دا.. مینحەی زیاتر لە 13 هەزار کەس بڕدرا
لە چوارچێوەی یاسای چاکسازییە
K24 - هەولێر
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی، ئەمڕۆ مینحەی 13 هەزار و 282 کەسی بڕی، کە مەرجی یاساییان نەبووە.
بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە کوردستان24ـی راگەیاند "بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕگەی سێیەم لە ماددەی چواری پەیڕەوی ژمارە 4ـی ساڵی 2020 پەیڕەوی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان-عێراق، هەروەها پاڵپشت بە پەیڕەوی دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2020، بەپێی فەرمانی وەزاریی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە رێککەوتی 6-1-2021 مینحەی 13 هەزار و 282 کەسی بڕی، کە مەرجی یاساییان تێدا نەبووە، ئەم فەرمانە لە رێککەوتی 1-1-2021 جێبەجێ دەکرێت".
ئەم هەنگاوەی چاکسازی لەکاتێکدایە، بە گوێرەی یاسای چاکسازی لە 4-1-2021 مووچەی 10 هەزار و 609 کەس کە زیاتر لە مووچەیەک و خانەنشینیان وەردەگرت، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕدرا.
هەروەها لە دوێنێوە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەستی بە پێداچوونەوە کردووە بۆ لیستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، چونکە بەگوتەی کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆمەڵێک کەمئەندام چەندجارێک سوودمەندن لە هاوکاریی کەمئەندامی و ژمارەیەکیان کۆچی دواییان کردووە، کەچی مووچەیان بەردەوامە.
هـ.ر.