یەکێتی مامۆستایانی کوردستان: داواکارین پشووی خوێندن تا کاتێکی نادیار درێژ بکرێتەوە

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات بەهۆی ناسەقامگیریی بارودۆخی ناوچەکە و پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان و مامۆستایان، پشووی خوێندن درێژ بکرێتەوە.

رۆژی چوارشەممە، 4ی ئاداری 2026، مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا داوای لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بەهۆی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و بەردەوامیی شەڕ و ململانێکان، پشووی ناوەندەکانی خوێندن درێژ بکرێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەم داواکارییە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی سەلامەتیی گیانی مامۆستایان و قوتابیانە، بۆ ئەوەی لە هەر ئەگەر و مەترسییەک بەدوور بن.

جێگەی باسە سەرەتای هەفتەی رابردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، بەهۆی ئاڵۆزی بارودۆخی ئەمنی و لە پێناو پاراستنی گیانی قوتابیان و مامۆستایان سێ رۆژ پشووی فەرمییان لە ناوەندەکانی خوێندن راگەیاند.

ئەم هەڵوێستەی یەکێتی مامۆستایان لە کاتێکدایە، کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاری ئەمنی و سەربازیدا تێدەپەڕێت و نیگەرانییەکان لەبارەی کاریگەریی ئەو ئاڵۆزییانە لەسەر ناوەندەکانی خوێندن و سەلامەتیی هاووڵاتییان روو لە زیادبوونە.