کەنەدا: بەداخەوە، پشتیوانی لە هێرشەکانی سەر ئێران دەکەین

مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا

مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، رایگەیاند، رەنگە هەنگاوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران "لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا نەگونجێن"، بەڵام جەختی لەوە کردەوە "بەداخەوە" وڵاتەکەی پشتگیری لەو هێرشانە دەکات.

هەروەها بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "ئەم بابەتە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل جێهێڵراوە تاوەکو بەڵگە و پاساوەکانی خۆیان بخەنە روو، بۆ ئەوەی دیاری بکەن ئایا دۆخەکە بەو شێوەیەیە یان نا. بابەتەکە بۆ شارەزایانی تر جێهێڵراوە، چونکە من پارێزەر نیم و بێگومان پارێزەری نێودەوڵەتیش نیم، بۆیە بڕیاردان لە دەسەڵاتی ئەوانەدایە لە من شارەزاترن".

تۆڕی هەواڵی "ئەی بی سی نیوز" لە زاری کارنییەوە گواستییەوە، کەنەدا "بەداخەوە" پشتگیری لە هەوڵەکانی رێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دەکات، چونکە ململانێی ئێستا نموونەیەکی تری شکستی سیستەمی نێودەوڵەتییە.

کارنی گوتیشی، "سەرەڕای چەندین دەیە لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەوڵە بێوچانەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و زنجیرەیەک سزا و هەنگاوی دیپلۆماسی، هێشتا هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران وەک خۆی ماوەتەوە. ئێستاش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەبێ بەشدارپێکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان یان راوێژکردن بە هاوپەیمانەکانیان، لە نێویاندا کەنەدا، ئەو هەنگاوانەیان ناوە".

کارنی داوای کەمکردنەوەی خێرای گرژییەکانی کرد و ئەوەشی خستە روو، "چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە پێویستی بە پابەندبوونە بە چارەسەرێکی سیاسیی فراوانتر، بەشداریکردنی دیپلۆماسیش زۆر پێویستە بۆ خۆلادان لە سەرهەڵدانی ململانێیەکی فراوانتر و قووڵتر".

بەیانیی شەممەی رابردوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و بووە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕێک تاوەکو ئێستا سەدان کەس بەهۆیەوە کوژراون، لە سەرووی هەمووشیانەوە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵا و ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنیی ئەو وڵاتە.

تاران وەڵامی دایەوە بە هەڵدانی مووشەک و درۆن بەرەو ئیسرائیل و ئەوەی ناوی دەبات بە بنکە ئەمریکییەکان لە وڵاتانی ناوچەکەدا، هەندێک لەو هێرشانە بوونەتە هۆی کەوتنەوەی کوژراو و بریندار و زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە.