پۆلیتیکۆ: شەڕی ئێران لانیکەم 100 رۆژ دەخایەنێت

دیمەنی بۆمبارانکردنی پێگەیەکی سەربازی لە ئێران (وێنە: AFP)
دیمەنی بۆمبارانکردنی پێگەیەکی سەربازی لە ئێران (وێنە: AFP)

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراو کە دەست ماڵپەڕی (پۆلیتیکۆ)ـی ئەمریکی کەوتووە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا(سێنتکۆم) داوای لە وەزارەتی جەنگ (پێنتاگۆن) کردووە ئەفسەری هەواڵگریی زیاتری بۆ رەوانە بکەن، ئامانج لێی پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانە بۆ ماوەی لانیکەم 100 رۆژ و پێدەچێت شەڕەکە تا مانگی ئەیلوولی داهاتوو درێژە بکێشێت.

ماڵپەڕە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەمە یەکەمین داواکاریی "ناسراو"ـی ئیدارەی ئەمریکایە بۆ ناردنی تیمی هەواڵگریی زیادە بۆ شەڕی ئێران، ئەمەش نیشانەی تەرخانکردنی بودجەیە لەلایەن پێنتاگۆنەوە بۆ شەڕێک زۆر لەوە درێژتر دەبێت دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی بۆ دەکرد، چونکە سەرەتا ترەمپ ماوەی چوار هەفتەی بۆ هێرشەکان دیاری کردبوو.

پۆلیتیکۆ روونی کردەوە، پێنتاگۆن بەپەلە هەوڵی ناردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، بەتایبەت ئەو سیستەمانەی قەبارەیان بچووکترە و تێچوویان کەمترە تا رووبەڕووی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (درۆن) ببنەوە. بەپێی زانیارییەکان، زۆرێک لەو چەکانەی بۆ خستنەخوارەوەی درۆن بەکاردێن تا ئێستا بەکارنەهێنراون، چونکە هێزەکانی ئەمریکا پێشتر رووبەڕووی هەڕەشەیەکی فراوانی لەم شێوەیە نەبوونەتەوە.

پەلەکردن لە داواکردنی هێز و سەرچاوەی زیاتر، ئەوە دەردەخات تیمی ترەمپ بە تەواوی پێشبینیی دەرەنجامە فراوانەکانی ئەم شەڕەیان نەکردووە شانبەشانی ئیسرائیل دژی ئێران دەستیان پێکردووە.

جێراڵد فایەرشتاین، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکا و شارەزا لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، "ئەوەی دەیبینین پرۆسەیەکی تەواو هەڕەمەکییە، وا دیارە کەس باوەڕی نەبووە شەڕ روودەدات، وەک ئەوەی بەیانیی رۆژی شەممە لە خەو هەستابن و بڕیاری دەستپێکردنی شەڕیان دابێت."

پۆلیتیکۆ باسی لە زیادبوونی نیگەرانییەکان کرد سەبارەت بە ئەگەری تەواوبوونی چەک و تەقەمەنی لەلای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پۆلیتیکۆی راگەیاند، پێنتاگۆن هەوڵی ناردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی زیاتر دەدات، بەتایبەت سیستەمی دژەدرۆنی بچووک و هەرزان، ئەوانەی ساڵانی رابردوو کاری لەسەر پەرەپێدانیان کردووە.

ئەو هێرشەی ئێران کە بووە هۆی کوژرانی سەربازانی ئەمریکی، نیگەرانییەکی قوڵی لای پلاندانەرانی شەڕ دروستکردووە، چونکە هێرشەکە بە درۆنی جۆری "شاهید" ئەنجامدراوە. ئەم درۆنانە تێچوویان کەمە و زۆرجار رادارەکان ناتوانن بە ئاسانی دەستنیشانیان بکەن.

بەرپرسەکە روونیشی کردەوە، "ئەمریکا مووشەک بەکار دەهێنێت تێچووی هەر یەکێکیان دەگاتە ملیۆنان دۆلار بۆ خستنەخوارەوەی درۆنێک دروستکردنەکەی تێچوویەکی کەمی دەوێت. ئێران هەزاران دانە لەم درۆنانەی هەیە و دەیان دانەیان توانیویانە سیستەمی بەرگریی ئەمریکا ببڕن."

سەبارەت بە پرۆسەی گواستنەوەی ئەمریکییەکان، ماڵپەڕەکە دەڵێت، ئامادەکاریی سنوردار بۆ یارمەتیدانی ئەو ئەمریکییانەی دەیانەوێت ناوچەکە جێبهێڵن کاریگەریی گەورەی هەبووە. هەرچەندە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە لوبنان و ئیسرائیل دەستیان بە گەڕاندنەوەی فەرمانبەران کردبوو، بەڵام زۆربەی نێردە دیپلۆماتییەکان دوای دەستپێکردنی شەڕ جوڵەیان کرد.

بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "هیچ پاساوێک نەبوو بۆ ئامادەنەکردنی پلانی گواستنەوەی فەرمانبەران، بەتایبەت وەزارەتی بەرگری ئاگاداری ئەگەری وەڵامدانەوەی سەربازیی ئێران بووە."

لەم نێوەندەدا دیموکراتەکان ئەم شکستە بە هەل دەزانن بۆ رەخنەگرتن لە ئیدارەی ترەمپ، ئەمەش وەرچەرخانێکە لە هەڵوێستەکان، چونکە پێشتر کۆمارییەکان بەهۆی شێوازی کشانەوە لە ئەفغانستان لە ساڵی 2021 رەخنەیان لە جۆ بایدن دەگرت.